دڵشاد موانی
پێشەکی
پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان وەک مێژوویەکی دووبارە، جارێکی دیکە بووەتە خاڵی گرژی لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی ئابووریی عێراق داناوە. لە ناوەڕاستی ئەم مشتومڕە پڕ لە ئاڵۆزییەدا، ژمارەی “١٦ دۆلار” بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دیسانەوە بووەتە چەقی ئاڵۆزییەکان، ١٦ دۆلارەکە تەنها بڕە پارەیەک نییە، بەڵکوو هێمایەکە بۆ ململانێی سەروەریی نیشتمانی، مافە دەستوورییەکانی هەرێم، پێداویستییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان، و لە کۆتاییدا، بەرژەوەندییە گشتییەکانی هاووڵاتییانی کوردستان.
قەیرانی هەناردەکردنی نەوت و سەرهەڵدانی ماددەی 12
ماوەی نزیکەی دوو ساڵە دەروازەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان داخراوە، کە زیانێکی بەرچاوی بە سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم و عێراق گەیاندووە کە بە ٣٥ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەم قەیرانە وەک برینێکی ساڕێژنەبوو ماوەتەوە. سەرەڕای زنجیرەیەک گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدڕاڵی و هەرێم، هەروەها نوێنەرانی کۆمپانیا نەوتییەکان، هێشتا هیچ ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەست نەهاتووە. لە درێژەی ئەم گفتوگۆیانەدا، بڕیاری پێدانی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەک چارەسەرێکی کاتیی سەریهەڵداوە، کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا و لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی یاسای بودجەوە پێشنیار کرا.
گرێکوێرەکە: ناکۆکی لەسەر میکانیزمی پارەدان
سەرەڕای ئەوەی بەندی 12ی یاسای بودجەی فیدڕاڵی بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە 16 دۆلارەکە ڕاستەوخۆ دەدرێت بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (کە لە چوارچێوەی “ئەپیکۆر”دا کۆبوونەتەوە) داوای گەرەنتییەکی ڕاستەوخۆ لە بەغدا دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی ئەم بڕە پارەیە بە دەستی خۆیان. بەغدا ئەم داوایەی ئەپیکۆری ڕەتکردووەتەوە، چونکە دەیەوێت پابەندبوونی حکوومەتی هەرێم بە یاسای بودجە و گواستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم (نانەوتی) بۆ خەزێنەی فیدڕاڵی بە تەواوی جێبەجێ بکات. ئەم ناکۆکییە لەسەر میکانیزمی پێدانی 16 دۆلارەکە بووەتە ئاستەنگێکی گەورە لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.
وردەکاری هەموارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ
سەرچاوەی 16 دۆلارەکە:
بڕیاری پێدانی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت، لە ئەنجامی هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی یاسای بودجەی فیدڕاڵی عێراق ژمارە (13)ی ساڵی 2023 هاتە ئاراوە، کە لە شوباتی 2025 پەسەند کرا. ئەم هەموارکردنەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵێکدا بوو بۆ چارەسەرکردنی بنبەستی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، پاش وەستاندنی لە ساڵی 2023.
دەقی ماددەکە و شیکردنەوەی:
ماددەی 12 بڕگەی 2 – ج (هەموارکراو) بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە:
“وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی دەبێت قەرەبووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە لەسەر خەرجییە گشتییەکان، بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتەی کە لە هەرێم بەرهەم دەهێندرێت و ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی دەکرێت. ئەم قەرەبووە لەسەر بنەمای تێچووی خەمڵێنراوی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا دادەنرێت، کە لەلایەن دەستەیەکی ڕاوێژکاریی تەکنیکی نێودەوڵەتییەوە دیاری دەکرێت لە ماوەی (60) ڕۆژدا.”
هەروەها ماددەکە ڕوونی دەکاتەوە کە:
“گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم دەبێت بەخێرایی دەست پێ بکات و ڕادەستی سۆمۆ یان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی بکرێت. تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی وەک “پێشینەی کاتی” (Interim Advance) بە ڕێژەی شازدە (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک قەرەبوو دەکرێتەوە.”
واتای دەستەواژەکانی ناو ماددەی 12ی یاسای بودجەی فیدراڵی:
- کاتی (Interim): ئەم پارەیە کاتییە، تاوەکو ڕاوێژکارە نێودەوڵەتییەکە (کە ئێستا دامەزراوەی وود ماکینزی دەستنیشان کراوە) کارەکانی تەواو دەکات و تێچووی کۆتایی بۆ هەر بەرمیلێک پەسەند دەکرێت.
- پێشینە (Advance): ئەمە قەرەبوویەکی پێشوەختەیە کە دەبێت لە کاتی گەیاندنی نەوتدا بدرێت نەک دوای فرۆشتن.
بە کورتی، ئەم پێشینەیە کاتییە و دواتر یەکلایی دەکرێتەوە و لەگەڵ تێچووی ڕاستەقینە ڕێکدەخرێت دوای تەواوبوونی کارەکانی ڕاوێژکارە نێودەوڵەتییەکە.
کات و میکانیزمی پێدانی پێشینەکە:
یاساکە پەیوەندیی نێوان شایستەبوون بە پارەکە و گەیاندنی ڕاستەقینەی نەوتەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. واتە، 16 دۆلارەکە بۆ هەر بەرمیلێکی نەوتی ڕادەستکراو بە سۆمۆ یان وەزارەتی نەوت دەدرێت. لە کرداردا، کاتێک نەوت ڕادەستی سیستەمی سۆمۆ دەکرێت، حکوومەتی فیدڕاڵی بە شێوەیەکی یاسایی ناچارە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بدات، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ڕاپۆرتی ڕاوێژکارەکان بکات. دواتر، کاتێک ڕاوێژکارەکان ژمارەی تێچووی ڕاستەقینە دادەنێن، پاشان ئەم پێشینەیە “ڕێکدەخرێتەوە” (واتە کەم یان زیاد دەکرێت).
وەرگرتنی 16 دۆلارەکە:
یاساکەی بەندی 12 بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە قەرەبووەکە دەدرێت بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەک ڕاستەوخۆ بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (IOCs). واتە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی پارەکە دەدات بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە دواتر هەرێم دەبێت بەپێی گرێبەستەکانی بەرهەمی هاوبەش (Production-Sharing Contracts – PSCs) لەگەڵ کۆمپانیاکان، شایستەکانیان بۆ دابین بکات. لێرەدایە کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، بەتایبەتی گرووپی ئەپیکۆر، بە توندی داوای گەرەنتی دەکەن کە ئەم 16 دۆلارە ڕاستەوخۆ بگاتە دەستی ئەوان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دەقی یاساکە بە ڕوونی گەرەنتی پارەدانی ڕاستەوخۆ بە کۆمپانیاکانی نەهێناوەتە کایەوە.
گرنگیی ماددەکە و هۆکارەکانی پەسەندکردنی
ماددەی 12-2-ج (پێشینەی کاتی 16 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک) حاڵەتێکی ئیستیسناییە، بەڵام بێبنەماش نییە. ئەمە تێکەڵەیەکە لە سازانی سیاسیی عێراقی و پێداویستییە ئابوورییەکانی. لە وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوتدا چەندین حاڵەتی هاوشێوە دەبینرێت، بەتایبەتی کاتێک حکوومەتە ناوەندییەکان و هەرێمەکان یان کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر گێڕانەوەی تێچووەکان ناکۆکن.
هۆکارەکانی پەسەندکردنی ئەم ماددەیە لە بەغدا بریتین لە:
- بنبەستی سیاسی: بەغدا و هەولێر گەیشتبوونە حاڵەتێکی بنبەست لە چارەسەرکردنی گرفتەکان، بە جۆرێک هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا (ITP) ناتوانێت دەستپێبکاتەوە بەبێ ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کێ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دەدات.
- پێویستی بە نەختینەیی دەستبەجێ: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت پێویستیان بە پارە بوو بۆ دەستپێکردنەوەی کێڵگەکان، بەڵام بەغدا دڵنیایی دەویست کە تێچووەکان “ڕاستەقینەبن” و هەڵئاوسانیان بۆ نەکراوە.
- سازان: لە جیاتی چاوەڕوانکردنی چەندین مانگ بۆ ڕاوێژکارێکی نێودەوڵەتی، بەغدا پێدانی بڕێکی دیاریکراو و کاتی (16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک) پێشنیار کرد. ئەمەش دڵنیایی دەدات کە نەوت دەتوانێت ئێستا دەست بە ڕۆیشتن بکات، لە کاتێکدا تێچووەکان دواتر پشتڕاست دەکرێنەوە.
- هاوسەنگی یاسایی: بە گواستنەوەی پارەکە لە ڕێگەی بودجەی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەغدا سەروەریی فیدڕاڵی بەهێز دەکات، لە کاتێکدا مافەکانی هەرێم و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتیش لەبەرچاو دەگرێت.
نموونە نێودەوڵەتییە هاوشێوەکان (هەرچەندە هاوشێوەی تەواو نین):
- نایجیریا (ناکۆکییەکانی گرێبەستی بەرهەمی هاوبەش PSC، ساڵانی 2000–2010): حکوومەتی نایجیریا زۆرجار لەسەر داواکارییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بۆ گێڕانەوەی تێچووی نەوت، ناکۆک بووە. لە چەندین حاڵەتدا، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی نایجیری (NNPC) ڕێگەی بە گێڕانەوەی کاتیی تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت دەدا، لە کاتێکدا وردبینییەکان بەردەوام بوون.
- سوودان–باشووری سوودان (ڕێککەوتنی نەوتی 2012): دوای جیابوونەوە، سوودان داوای “تێچووی گواستنەوە”ی نزیکەی 24–26 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی باشووری سوودان دەکرد کە بە بۆڕییەکانی ئەودا دەهاتە دەرەوە. ئەمە بە شێوەیەکی کاریگەر پێشینەیەکی کاتیی بوو بۆ هەر بەرمیلێک تاوەکوو مەرجە بازرگانییە درێژخایەنەکان یەکلایی کرانەوە.
- کازاخستان (پڕۆژەی کاشاگان): کاتێک تێچووەکان زۆر زیادبوون، حکوومەت ڕێگەی بە گێڕانەوەی سنووردار و کاتیی و قەرەبووی سەقفکراو دەدا تاوەکوو وردبینانی سەربەخۆ زیادبوونی تێچووەکانیان پشتڕاست دەکردەوە.
خاڵە جیاوازەکانی حاڵەتی عێراق:
ئەوەی لێرەدا ناوازەیە، ئەوەیە کە بەغدا ژمارەی کاتییەکە (16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک) ڕاستەوخۆ لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیدا جێگیر کردووە، نەک وەک ڕێککەوتنێکی لاوەکیی گرێبەستی. ئەمەش ئامرازێکی سیاسییە (بۆ دەستپێکردنەوەی ڕۆیشتنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم) لەگەڵ میکانیزمێکی بودجەیی (پارە لە “خەرجییە گشتییەکان”ەوە دێت) تێکەڵ دەکات. زۆربەی وڵاتانی دیکە ئەم جۆرە ناکۆکییانە لە ئاستی گرێبەست یان وەزاریدا چارەسەر دەکەن، نەک لە یاسای بودجەی نیشتمانیدا. شایانی باسە کە یاسای بودجەی فیدڕاڵی ساڵانە هەموار دەکرێتەوە، بۆیە نازانرێت داهاتووی ماددەی 12ی بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی داهاتووی بودجە چی بەسەر دێت. ئەو ماددەیە قورسایی زیاتری دەبوو ئەگەر لە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵیدا بۆ هەمیشە بە جێگیری هەموار بکرایە، کە وەک ئاماژەمان پێدا، ئێستا عێراق یاسایەکی گشتگیری نەوت و گازی نییە.
دەرئەنجام
ماددەی 12-2-ج لە یاسای بودجەی عێراق، کە باس لە پێدانی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دەکات وەک پێشینەیەکی کاتی، میکانیزمێکی یاسایی و سیاسیی ئاڵۆزە و ئاماژەیە بۆ هەوڵدان بۆ شکاندنی بەستەڵەکەکە و دابینکردنی نەختینەیی دەستبەجێ بۆ بەرهەمهێنەران، لە کاتێکدا وردبینی و یەکلاییکردنەوەی کۆتایی تێچووەکان بۆ قۆناغێکی دواتر جێهێڵدراوە. جیاوازیی ئەم حاڵەتە لەوەدایە کە ئەم ژمارەیە لە یاسای فیدڕاڵیدا جێگیر کراوە، کە قورساییەکی سیاسی و بودجەیی تایبەتی پێدەبەخشێت.
ناکۆکییەکانی ئێستا لەسەر ئەم بڕە پارەیە لە نێوان حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، نیشانەی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکانە. بەڵام ئەم یاسایە دابینکەری گەرەنتیی پێویستە بۆ هەموو لایەک ئەگەر بە نەفەسێکی درێژەوە دەست بۆ میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی ببردرێت. چارەسەر دەتوانێت لە ڕێگەی پێدانی گەرەنتیی نووسراو نەک زارەکی بە گرووپی ئەپیکۆر یان دانانی هەژماری ئیسکرۆ (Escrow Account) بێت کاتێک عێراق 16 دۆلارەکە دەنێرێت. جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ڕوون، کلیلی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و پێکەوەژیانی ئابووریی عێراقە، و بەشدار دەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانێکی درێژخایەن.

