(١)
بەکارهێنانی چەمکی چینی ناوەند بۆ نووسەری ئێرلەندی (جیمس برادشۆ) لە کتێبێکیدا بە ناونیشانی (پڕۆژەی ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی بە خوریی ئێرلەندا بۆ فەڕەنسا) دەگەڕێتەوە، کە لە ساڵی ١٧٧٥ نووسیویەتی. نووسەر پێناسەی ئەم چینە وەک پێگەیەک نێوان ئاغا و خانەدانەکان لەلایەک و چینی جووتیاران لەلایەکی دیکە دەکات. ئەم پێناسەیە هەوڵیکە بۆ ئاماژەدان بە سەرهەڵدانی سەرمایەداری وەک چینێک کە دژ بە ئاغا و خانەدانەکان کاریان کردووە و لە ئاکامدا شۆڕشی فەڕەنسای ساڵی ١٧٨٩یان بەرپاکردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە
کۆمەڵناسی ئەڵمانی (ماکس ڤێبەر) چینی ناوەند بەو چینە دادەنێت، کە لە ناوەڕاستی هەرەمی کۆمەڵایەتییە و بریتییە لە ناوەندێکی فرەوانی خەڵک لە کۆمەڵگا نوێکاندا، کە بەشدارییەکی تایبەتی ئابووری ــ کۆمەڵایەتییان هەیە و پێگەیان لە ناوەندی نێوان چینی کرێکار و چینی دەوڵەمەندە و پێوەری هاوبەشیان بریتییە لەوەی خاوەنی سەرمایەی مرۆیی و کەلتووریین.
بە شێوەیەکی مێژوویی چینی ناوەند بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازییە و لە ڕوانگەی ڕیزبەندی و پێناسەکردنی، بە پشتبەستن بە بۆچوونە کلاسیکییەکان لە مارکسیزمدا زۆر جار بۆ چینی ناوەند چەمکی بۆرژوای بچووک بەکارهاتووە و بەم جۆرە ئەم چینە کەوتۆتە ناوەندی چینی پڕۆلیتاریا، کە خاوەنی ئامرازی بەرهەمهێنان نین بەرانبەر ئەو چینانەی، کە خاوەن دەسەڵاتن و سەروەرییان بەسەر هێز و ئامرازی بەرهەمهێنان هەیە.
ئەگەر ڕەوشی چینایەتی و داهات پێوەرێک بێت بۆ ڕیزبەندی چینایەتی، ناکرێت چینی ناوەند لە باکوری دەوڵەمەند بە هەمان پێوەری چینی ناوەند لە باشوری هەژار پێناسە بکرێت
هەرچەندە ئەم پێناسە مێژووییانە بۆ چەمکی چینی ناوەند گرنگییەکی مێژووی هەیە و بە بنەما و سەرەتایەکی گرنگ بۆ پێناسەکردن و توێژینەوە سەبارەت بە ڕۆڵی چینی ناوەند لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دادەنرێت، بەڵام کۆمەڵگای هاوچەرخ، کە ئەمڕۆ لە چارەگی یەکەمی سەدەی بیستویەکەمدایە، وەرچەرخانێکی چلۆنایەتی لە بواری پەرەسەندن و گەشەکردنی سەرمایەداری لەلایەک و بوونی قەیران لەلایەکی دیکەوە بینیوە و، سەرجەم گۆڕانکارییەکان لە ڕیزبەندی چینایەتی و شۆڕشی نوێی پیشەسازی و بوونی ژیری دەستکرد و دەستکەوتە گەورەکان لە بواری زانیاری هەمەجۆر و بەردەوامبوونی ململانێی چینایەتی بە شێوازی نوێ، تێکڕای ئەم هۆکارانە گرفتی بنیاتگەرانەی بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی چەمکی چینی ناوەند درووستکرد، بەتایبەتی لە ڕیزبەندی چینایەتی پێوەری داهات و توانای خەرجکردن بنەمایەکی ڕیزبەندییە لە پێناسەکردنی چەمکی چینی ناوەند.
ئەگەر بە وردی بڕوانینە گرفتە بنیاتگەرییەکان، یاسای پەرەسەندنی ناهاوسەنگ بەو مانایەی گەشەپێدان لە سایەی سیستەمی سەرمایەداری هاوچەرخ، کە بەسەر ئابووری جیهاندا زاڵ و سەروەرە، لە یەک ئاستی پەرەسەندن و گەشەکردندا نییە و ئەو ئاستە ناهاوسەنگی و نابەرانبەرییە لە بواری پێناسەی گشتگیر بۆ چەمکی چینی ناوەند لە جیهاندا گرفت درووست دەکات. ئەگەر ڕەوشی چینایەتی و داهات بنەمایەک و پێوەرێک بێت بۆ ڕیزبەندی چینایەتی، ئەوە بێگومان ناکرێت چینی ناوەند لە باکوری دەوڵەمەند بە هەمان پێوەری چینی ناوەند لە باشوری هەژار پێناسە بکرێت. دابەشکردن بۆ باکوری دەوڵەمەند و باشوری هەژار یەکێکە لە بەرهەمە گرنگەکانی بیرمەندی مارکسیست سەمیر ئەمین و ئەمڕۆ گۆڕانکارییەکان بازیان بەسەر ئەم دابەشبوونە داوە و، ناکرێت “باشور” بەیەک چاو تەماشا بکرێت و پڕۆژەکانی گەشەسەندن بە شێوازی جۆراجۆر، شێوازی سەرمایەداری لە ژاپۆن و کۆریای باشور و شێوازی سۆسیالیستی بە تایبەتمەندی چینی لە وڵاتی چین و تەنانەت شێوازی گەشەپێدانی نوێ لە ڤێتنام جیاوازییەکی نوێ لە پێناسەکردن و لە ڕەوشی چینی ناوەند لە بواری داهات لە باشوور درووست دەکات، بەو پێیەی ڕەوشی ئەو توێژانەی چینی ناوەند لەو شوێنانە پێکدەهێنن، جیاوازن لە ڕەوشی ئەو توێژانەی چینی ناوەندن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە هەمان شێوە گرفتی میتۆدی و بنیاتگەری لە دەستنیشانکردنی چینی ناوەند لە وڵاتانی سەرمایەداری ناوەند و وڵاتانی سەرمایەداری وابەست هەیە، تەنانەت سیاسەتی ئابووری جیاواز لە وڵاتانی سەرمایەداری وابەست، هەلومەرجی جیاواز و ڕەوشی سیاسی و ئابووری جیاوازی بۆ ڕۆڵی چینی ناوەند لە گۆڕانکارییەکان درووستکردووە، جگە لەوەی کۆتاییهاتن بە سیاسەتی (دەوڵەتی خۆشگوزەران) لە ئەوروپادا گۆڕانکاری لەسەر پێکهاتە و شوناس و ڕۆڵی چینی ناوەند کردووە.
گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە دەوڵەتی عێراقدا کارتێکردنی خۆی لەسەر گەڵاڵەبوون و پێکهاتەی چینی ناوەند لە باشوری کوردستاندا هەبووە
ئەگەر بڕوانینە ڕەوشی چینی ناوەند بە شێوەیەکی مێژوویی لە باشوی کوردستاندا، ئەم چینە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە چینی ناوەند لە دەوڵەتی عێراقدا گەڵاڵە نەبووە. هۆکاری ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ وابەستەیی و لکاندنی باشوری کوردستانی بە عێراقەوە و نەبوونی ئابوورییەکی سەربەخۆی نیشتمانی لە باشوری کوردستاندا.
گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە دەوڵەتی عێراقدا کارتێکردنی خۆی لەسەر گەڵاڵەبوون و پێکهاتەی چینی ناوەند لە باشوری کوردستاندا کردووە. سیاسەتی پەراوێزخستن و بایەخنەدان بە پڕۆژەی گەشەپێدان لە باشوری کوردستاندا، کە سیاسەتی درێژخایەتی دەوڵەتی عێراق بوو، کارتێکردن و لێکەوتەکانی خۆی لەسەر ڕیزبەندی چینایەتی هەبووە. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا سیاسەتی زەوی سوتێنراو و جینۆساید لێکەوتەی نەرێنی خۆی لەسەر ڕیزبەندی چینایەتی و ڕۆڵی چینی ناوەند هەبووە.
بەگشتی، بەهۆی ئەوەی چینی ناوەند هەروەکو ئەو پیناسەی (ڤێبەر) کردوویەتی، خاوەنی سەرمایەی کەلتووریین، چینی ناوەند بە توێژە جیاوازەکانەوە، لە ڕوانگەی ئەو سەرمایە کەلتوورییەوە ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی لە تێکۆشانی نیشتمانی لە لایەک و تێکۆشان لە پێناوی نەریتی مەدەنی و مافەکانی ژن و بڵاوکردنەوەی نەریتی مۆدێرنیتە بینیوە و تا ڕادەیەک هێزی سەرەکی لە ئاڕاستەکردنی شۆڕش پێکهێناوە.
پێش ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١، ڕەوشی ئابووری چینی ناوەند لە باشوری کوردستاندا لە ڕەوشی ئابووری چینی ناوەندی عێراق جیا نەدەکرایەوە، سەرەڕای هەندێک تایبەتمەندی، ئەمەش پەیوەندی بە سیاسەتەکانی ئابووری حکوومەتەکانی دەسەڵاتدار لە عێراق و بوونی داهاتی نەوت و دواتر ڕەوشی شەڕی عێراق ــ ئێران، هەبوو، کە تێکڕای ئەم بابەتانە کارتێکردنی چلۆنایەتییان لەسەر ڕەوش و پێکهاتە و گۆڕانکاری لە ڕیزبەندی چینایەتی هەبوو.
ئەگەر توێژی مووچەخۆران بە چینی ناوەند دابنرێت، مانای وایە چینێکی ناوەندی فرەوانی ناجێگیر لە سایەی ئابووری بەرخۆر لە کوردستاندا هەیە
ئەمڕۆ ڕەوشی چینی ناوەند لە باشوری کوردستاندا لە ژێر کارتێکردنی کۆمەڵێک فاکتەری سەرەکیین، لەوانە:
ــ سیاسەتی ئابووری بەرخۆر و پشتبەستن بە تاکە سەرچاوەی نەوت، کارتێکردنی لەسەر ڕەوش و پێکهاتە و گۆڕانکاری لە ڕیزبەندی چینایەتی و ڕیزبەندی نێو توێژەکانی چینی ناوەند هەیە.
ــ ئەگەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە پێنج ملیۆن یان زیاتر دابنرێت و لەم ژمارەیە ملیۆنێک و دووسەد هەزار مووچەخۆر بن و ئەو توێژە بە چینی ناوەند دابنرێت، مانای وایە چینێکی ناوەندی فرەوانی ناجێگیر لە سایەی ئابووری بەرخۆر لە کوردستاندا هەیە.
ــ ئەگەر سەرجەم فەرمانبەران بە چینی ناوەند دابنرێن ئەوا ئەو چینە لە سێ توێژی جیاواز پێکدێن. توێژی یەکەم کە مووچەکانیان لە نیو ملیۆن زیاتر نییە و ئەگەر لە خێزانێکدا یەک لەو جۆرە فەرمانبەرە هەبێت، ئەوا لە سایەی ڕەوشی دۆلار ئەو توێژە لە هێڵی هەژاریدان و پرسیاریش ئەوەیە ئایا پێناسەی چینی ناوەندیان بەسەردا دەچەسپێت، هاوکات توێژی ناوەند لە نێو چینی ناوەند و توێژی فەرمانبەرە گەورەکان لە ئارادان.
ــ ئاڵۆزی ڕەوشی سیاسی نێوان دەوڵەتی عێراق و هەرێم و کێشەى بودجە و نەناردنی مووچە و سیاسەتی ئابووری هەرێم کارتێکردنی بەسەر پێکهاتەی چینی ناوەند هەیە، بە ئاڕاستەی نزبکبوونەوەی توێژی فرەوان لەو چینە بەرەو هەژاری.
ئەم بابەتە سەبارەت بە چینی ناوەند لە کوردستاندا سەرەتاییە و توێژینەوەی زانستی قوڵ لەو بوارەدا نییە و، دوا پرسیاری منیش لەوەدایە: ئەگەر پێشتر چینی ناوەند ڕۆڵی سەرەکی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان هەبووبێت، ئایا ئێستا ئەو ڕۆڵەی ماوە و ئەگەر نەمابێت کارتێکردنی لەسەر شوناسی سەرکردایەتیکردنی ئەم بزووتنەوەیە چییە؟
(٢)
توێژینەوەی زانستی و قوڵ سەبارەت بە چینی ناوەند لە کوردستاندا پێویستی بە دەستنیشانکردنی بنەمایەکی میتۆدی ڕوون ھەیە، هەروەها بەسوودوەرگرتن لە سەرجەم ئەو توێژینەوە تیۆری و پراکتیکییەی لە کۆمەڵگای جیاوازی مرۆڤایەتیدا کە پێشتر و لە سەردەمی ھاوچەرخدا سەبارەت بە چەمکی چینی ناوەند کراون و، بنەماش بۆ کۆمەڵێک پێوەری تایبەت بە کۆمەڵگای کوردستان سەبارەت بە چۆنیتی دەستنیشانکردنی پێناسە و سنوور و شوناس و پێکھاتەی چینی ناوەند و ئەو فاکتەرانەی کارتێکردنیان لەسەر گەڵاڵەکردن و بوون و گوزەرانی ژیانی ئەم چینە ھەیە دابنرێت و، تیایدا پشت بە ئاماری ورد و گۆڕانکاری بەردەوام لە ڕیزبەندی چینایەتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگای کوردستان کە ھاتۆتەکایەوە و، ئەو گۆڕانکارییە دەرەکییانەی لەسەر ئاستی جیھان لە سیستەمی ئابووری جیھان ڕوویان داوە، ببەسترێت.
ھزری چینی ناوەند ئاڕاستەی سیاسییانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بوو. ئەم ئاڕاستەیە لە گوتار و بەرنامە و دروشم و شوناسی بزووتنەوەکە دەرکەوتووە
لە سەرجەم ئەم توێژینەوانەی بۆ دەستیشانکردنی چینی ناوەند کراون، ئاماژە بۆ پێوەری ئابووری کراوە و داھاتی بە تاک بنەمایەک بۆ دەستنیشانکردنی سنووری چینی ناوەند کراوە و، ڕەھەندی سۆسیۆلۆجی بۆ پێناسەکردنی چینی ناوەند فەرامۆشکراوە، بەڵام ئەم بنەمایە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕادەی خەرجی و توانای بەکاربردن و ڕەوش و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی، تابلۆی ڕاستەقینەی پێناسەی چینی ناوەند نادات، جگە لە بابەتی ڕێژەی خەرجی خێزان کە ناکرێت فەرامۆش بکرێت.
پێشتر، ئاماژەم بە توێژی خوارەوەی چینی ناوەند کرد و زۆر لە توێژینەوەکانی ئەم بابەتەش ئاماژە بۆ توێژی ناوەڕاست و توێژی سەرەوەی چینی ناوەند دەکەن. ئەم پۆلێنکردنە بۆ چینی ناوەند پشت بە ڕادەی داھات دەبەستێت و لە کۆمەڵگای ناسەقامگیردا بزاوت و جموجۆڵێکی کۆمەڵایەتی بەردەوام لە ڕیزبەندی ئەم سێ توێژە و لە ڕیزبەندی خودی چینی ناوەند درووست دەکات.
بەشێکی سەرەکی ئەم گۆڕانکارییانە لە بواری چینی ناوەند لە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری وابەست لەم سەردەمەدا وەک کۆمەڵگای کوردستان، پەیوەندی بە سیاسەتی دەوڵەتەوە ھەیە و، لە نموونەی کوردستانیش پەیوەندی بە سیاسەتی دەسەڵاتەوە ھەیە، بە ڕەچاوکردنی پاشخانی مێژوویی چینی ناوەند لە کوردستاندا، بەتایبەتی ئەگەر باس لە ڕۆڵی سیاسی چینی ناوەند لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانی بکەین، کە سەرەڕای بوونی توێژ و چینی جیاوازی بەشداربوو لەم بزووتنەوەیە و ھەندێک جاریش باس لە ڕۆڵی سەرۆک خێڵ و کارتێکردنی خێزانی سیاسی دەکرێت، کە پشت بە پەیوەندییەکانی پێش سەرمایەداری دەبەستێت، وای دەبینم، کە ھزری چینی ناوەند لە باشوردا ئاڕاستەی سیاسییانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بوو. ئەم ئاڕاستەیە لە گوتاری سیاسی و بەرنامە و دروشم و شوناسی بزووتنەوەکە دەرکەوتووە.
دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەسەڵاتی نوێ لە کوردستان شەرعیەتی حوکمداری خۆی لە چوارچێوەی خواست و داواکاری سیاسی چینی ناوەند دەبینێتەوە
کاتێک ڕاپەرین لە ئاداری ١٩٩١ سەردەکەوێت، دەسەڵاتی نوێ لە کوردستاندا شەرعیەتی حوکمداری خۆی لە چوارچێوەی خواست و داواکاری سیاسی چینی ناوەند دەبینێتەوە و ئەم بابەتە لە داڕشتنی دروشمی سیاسی و خوێندنەوەی ڕەچەڵەکی چینایەتی ئەندامانی یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان لە ١٩٩٢دا دەردەکەوێت.
ململانێی حزبی و شەڕی ناوخۆ و گۆڕانکارییەکانی دوای ٢٠٠٣ ئەگەر بە گشتگیری تەماشای سەرجەم ئەم ھۆکارانە بکەین، ڕەوشێکی نوێمان لە بواری ڕیزبەندی و گۆڕانکاری چینایەتی بۆ دەردەکەوێت.
لەو ھەلومەرجە نوێیەدا دەسەڵات لە کوردستاندا بە دوو ئاڕاستە کاری کرد. ئاڕاستەی یەکەم پێویستی دەسەڵات بە پشتگیریکردنێکی فرەوان لەلایەن چینی ناوەند لە کوردستاندا و ئەمەش کاری کردە سەر فرەوانکردنی پێکھاتە و قەوارەی چینی ناوەند لە ڕێگای دامەزراندن لەسەر بنەمای لیستی حزبی، کە لە کۆتاییدا بێکاری دەمامکدراوی درووستکرد، لەگەڵ داڕشتنی کۆمەڵێک یاسا و بڕیار سەبارەت بە پێدانی قەرزی خانووبەرە و قەرزی ھاوسەرگیری و مووچەی قوربانیانی دیکتاتۆری. لەم سەردەمەدا کۆمەڵێک یاسای گرنگ، کە شوناسی مەدەنییانەی ھەیە و لە بازنەی ھزری چینی ناوەندە بڕیار درا، بۆ نموونە ھەموارکردنی یاسای باری کەسێتی و یاسای نەھێشتنی توندوتیژی خێزانی و دامەزراندنی دەستەی مافی مرۆڤ و ژینگە و ئەنجوومەنی باڵای خانمان، جگە لە کارابوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی. ئەم ئاڕاستەیە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٤ بەردەوام بوو. ئاکامی ئەم ئاڕاستەیە فرەوانبوونی پێکھاتەی چینی ناوەندی ھێنایە کایەوە. لە بواری ھزری سیاسییدا بیری سەربەخۆخوازی زیاتر چەسپا و کارتێکردنی خۆی لەسەر گەلاڵەکردنی دروشمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان ھەبوو، پێم وایە ھەر ئەم ئاڕاستەیەش ھەنگاوی ڕیفراندۆمی ھێنایە کایەوە.
توێژی باڵای چینی ناوەند لە دەسەڵاتدا، سامان و توانای گشتییان بۆ بوژانەوەی چینێکی نوێ لە دەوڵەمەندی نوێ و مشەخۆر بەکارھێنا
ئاڕاستەی دووەم، کە لەگەڵ ئاڕاستەی یەکەمدا ھاوکات بوو، بریتی بوو لە کارکردنی ناوەندەکانی بڕیار لە دەسەڵاتدا بۆ چەسپاندنی ئاڕاستەی سەرمایەداری، بە بیانووی خۆگونجاندن لەگەڵ نیولیبڕالیزم و سیاسەتی ڕۆژئاوا و کار بۆ قۆرخکردنی ڕەھەند و پێگەی سەرەکی چالای ئابووری کرا و، بەپەلە ھەنگاو بۆ بەتایبەتکردن لە بواری چالاکی خانووبەرە و بیناسازی و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای تورکی و ئێرانی و قۆرخکردنی بازرگانی و بواری پەیوەندییەکانی مۆبایل، نرا. لەم قۆناغەدا توێژی باڵای چینی ناوەند لە دەسەڵاتدا لە خزمەتی ناوەندە سەرمایەدارە گەشەسەندووە نوێکان بوو، کە سامان و توانای گشتییان بۆ بوژانەوەی چینێکی نوێ لە دەوڵەمەندی نوێ و مشەخۆر بەکارھێنا.
پێوەری دیکەی دەستنیشانکردنی چینی ناوەند، کە پشت بە سەرمایەی کەلتووری و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن دەبەستێت، بە ھۆی ھەژموونی ناوەندەکانی دەسەڵات و بوونی ململانێی حزبی و بەکارھێنانی ڕاگەیاندن بە شێوازە جۆراجۆرەکانیەوە لەم بوارەدا، چینی ناوەند ئەو گریمانەی بۆ دانرابوو، کە ھەڵگری پرۆژەی مۆدیرنیتە و مەدەنیەت و سەقامگیرکردنی ئازادی و دیموکراسی لە کۆمەڵگای کوردستان بێت، بەلاڕێدا برا و، ئەو ڕۆڵەی تا ساڵی ٢٠١٤ دەیتوانی لەم بوارانە و لە ڕێگاگرتن لە سەلەفیەت و کۆنەپەرستی ئەنجامی بدات، بەربەستی نوێی بۆ درووست بوو.
کاتێک ڕۆڵی ناوەندە سەرمایەدارە نوێکان لە ھەرێمی کوردستاندا زیاتر گەشەی کرد، سیاسەتەکان لە بواری بەتایبەتکردن لە کەرتی خوێندن و تەندروستی و سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەت، کە پشت بە ئابووری بەرخۆر (ڕیعی) دەبەستێت و ئەو ڕەوشە نوێیەش لە بواری سیاسەتی دراو لە عێراقدا و دابەزینی بەھای دینار بەرانبەر دۆلار و پشتبەستن بە ھاوردەی کاڵا، کە بە دۆلارە، سەرجەم ئەم ھۆکارانە و بوونی ناکۆکی نێوان بەغدا و ھەولێر و بابەتی بودجە و نەبوونی مووچە، بە تێکڕا کاری کردە سەر ڕەوش و پێکھاتە و شوناسی چینی ناوەند لە کوردستاندا.
سەرمایەدارە مشەخۆر و دەوڵەمەند نوێکان لە ناوەوە و دەرەوە دەسەڵات، بۆرژوای کۆلۆنیاڵ لە کوردستاندا پێکدێنن و بەرژەوەندییان لەگەڵ بەغدایە
ئەمڕۆ چینی ناوەند لە کوردستاندا بە شێوەی (کاژمێری لمی) دێتە بەرچاو، کە ئەو کاتژمێرە بۆ دەستنیشانکردنی کات ھەڵدەگێڕێتەوە و لمەکەی تیایدا لەسەرەوە دێتە خوارەوە و چینی ناوەندیش بەتایبەتی توێژی خوارەوەی وەک ئەو لمە بۆ ناوەندی ھەژاری دێتە خوارەوە. کارتێکردنی تێکچوونی ڕەوشی چینی ناوەند لە بواری سیاسیدا مەترسیدارە و ناڕەزاییەکان سەبارەت بە ڕەوشی خۆی و ڕەوشی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی، بەرەو داواکاری ڕۆژانەی دوور لە گۆڕینی سیاسەتی ئابووری و بیرکردنەوە لە گەشەسەندن و دوور لە ئامانجە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دەبات، ھەلومەرجێکی ناجۆر دێتە پێشەوە، کە بەغدا بە فریادڕەس دابنرێت و ئەمەش ھەر لە خزمەتی ئەو ناوەندە سەرمایەدارە مشەخۆر و دەوڵەمەند نوێکانە لە بازنەی دەسەڵات و لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتیش، کە ھەردوو بۆرژوای کۆلۆنیاڵ لە کوردستاندا پێکدەھێنن و بەرژەوەندییان لەگەڵ سەرمایەدارە بیرۆکرات و مشەخۆر و دەوڵەمەندە نوێکانی دەسەڵاتدارانی بەغدایە.
لەم ڕەوشە نوێیەدا پاراستنی ئەرکە نیشتمانییەکان لەوەدایە، کە کار بۆ نەھێشتنی ھەژاری و جیاکاری کۆمەڵایەتی و تێکۆشان بۆ پڕەنسیپەکانی عەدالەت بکرێت.