ئەمڕۆ چوارشەم، ٦ی ئازاری ٢٠٢٤، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی شارەوانی هەولێر لەگەڵ هەر شەش بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی شارەکە، بڕیار لەسەر دەرکردنی ڕێپێدان بۆ تەواوکردنی باڵەخانە و بینا تەواونەکراوەکانی سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر درا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی شارەوانی کراوە “بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکانی ڕێپێدانی تەواوکردنی باڵەخانە و بینا هەیکەلەکان بە ئامانجی بەخشینی سیمایەکی جوانتر بۆ شاری هەولێر و سوودمەندبوونی هاووڵاتییان بە مافەکانیان”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بەشی مۆڵەتی ڕاسپاردووە، “بۆ کارئاسانی و جێبەجێکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتییان بۆ دەستبەکاربوون و تەواوکردنی بینا و باڵاخانەکانیان”.
بۆ ئەو مەبەستەیش، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە، کە دەتوانن سەردانی سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی بکەن بەمەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان.