بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە، ١٣ی نیسانی ٢٠٢٤ ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ گیانلەدەستدانی زیندانییەکی چاکسازییەکە بەناوی ئەسعەد حوسێن ئەحمەد بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “ناوبراو نەخۆشی شەکرەی هەبوو، کاریگەری لەسەر کلیەکانی دروستکردبوو، بۆیە لە ڕێگەی تیمەکانمانەوە هەفتانە دووجار ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرا و غەسلی کلیەی بۆ ئەنجام دەدرا و هەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستی بە باشترین شێواز پێشکەش کراوە”.
ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر دوای ئەوەی دێت، کە لە چەند میدیا و هەژماری جیاجیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیەندراوێک لە سەر زاری بنەماڵەی کۆچکردووەکە بڵاوکرایەوە، کە ئاماژە بەوە دەکات، “ڕێگه نهدراوه چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت و هەروەها دەڵێ: “کۆچکردوو بەئازارەوە کۆچی دوایی کرد، ھۆکاری مردنەکەشی کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدارە لە وەڵامنەدانەوەی داواکاری کەسوکاری کۆچکردوو”. هەر لە سەر زاری بنەماڵەکەیانەوە، دەڵێ: “بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی کۆچکردوو بەھۆی وەستانی کلیەکانی گیانی لەدەستداوە، لەکاتێکدا ئێمە دەمانتوانی لەنەخۆشخانەکان چارەسەری بۆ بکەین”.
بەڵام بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو هەواڵەی دەزگاکان و پەیجەکان بەناوی بنەماڵەی کۆچکردووەکە بڵاویانکردووەتەوە، ڕاست نییە و ئەوەش بە هەوڵێک بۆ “ناوزڕاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە” لێکدەدەنەوە و لەو ڕوانگەیەوە هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵایی یاسایی لەدژی ئەو میدیا و هەژمارانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن کە هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، نەک بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە بەناوی بنەماڵەی کۆچکردووەکە ڕەت دەکاتەوە، بەڵکو ڕایگەیاندووە: “بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو سەردانی ئێمەیان کردووە و زۆر سوپاسگوزار بوون لە بەرانبەر ئەو خزمەتەی کە پێشکەشی کراوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر، کۆچکردووەکە ماوەی ٢٢ ساڵ لە چاکسازی بووە و بە هەردوو مادەی ٤٠٦ و ١٦٩ سزدراوە، لە یەکەمیاندا بە سزای لە سێدارەدان و دووەمیان بە پێنج ساڵ و مانگێک زیندانیکردن.