هه‌واڵ

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر ڕوونکردنەوە لەسەر گیانلەدەستدانی سزادراوێک دەدات

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر ڕوونکردنەوە لەسەر گیانلەدەستدانی زیندانییەک دەدات و ئەو زانیارییانەیش ڕەت دەکاتەوە کە لە زاری بنەماڵەی کۆچکردووەکەوە باس لە هۆکاری مردنەکەی دەکەن.

 

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە، ١٣ی نیسانی ٢٠٢٤ ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ گیانلەدەستدانی زیندانییەکی چاکسازییەکە بەناوی ئەسعەد حوسێن ئەحمەد بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،  “ناوبراو نەخۆشی شەکرەی هەبوو، کاریگەری لەسەر کلیەکانی دروستکردبوو، بۆیە لە ڕێگەی تیمەکانمانەوە هەفتانە دووجار ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرا و غەسلی کلیەی بۆ ئەنجام دەدرا و هەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستی بە باشترین شێواز پێشکەش کراوە”.

ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر دوای ئەوەی دێت، کە لە چەند میدیا و هەژماری جیاجیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیەندراوێک لە سەر زاری بنەماڵەی کۆچکردووەکە بڵاوکرایەوە، کە ئاماژە بەوە دەکات، “ڕێگه‌ نه‌دراوه‌ چارەسەری‌ پێویستی‌ بۆ بكرێت و هەروەها دەڵێ: “کۆچکردوو بەئازارەوە کۆچی دوایی کرد، ھۆکاری مردنەکەشی کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدارە لە وەڵامنەدانەوەی داواکاری کەسوکاری کۆچکردوو”. هەر لە سەر زاری بنەماڵەکەیانەوە، دەڵێ: “بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی کۆچکردوو بەھۆی وەستانی کلیەکانی گیانی لەدەستداوە، لەکاتێکدا ئێمە دەمانتوانی لەنەخۆشخانەکان چارەسەری بۆ بکەین”.

بەڵام بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو هەواڵەی دەزگاکان و پەیجەکان بەناوی بنەماڵەی کۆچکردووەکە بڵاویانکردووەتەوە، ڕاست نییە و ئەوەش بە هەوڵێک بۆ “ناوزڕاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە” لێکدەدەنەوە و لەو ڕوانگەیەوە هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵایی یاسایی لەدژی ئەو میدیا و هەژمارانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن کە هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، نەک بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە بەناوی بنەماڵەی کۆچکردووەکە ڕەت دەکاتەوە، بەڵکو ڕایگەیاندووە: “بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو سەردانی ئێمەیان کردووە و زۆر سوپاسگوزار بوون لە بەرانبەر ئەو خزمەتەی کە پێشکەشی کراوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر، کۆچکردووەکە ماوەی ٢٢ ساڵ لە چاکسازی بووە و بە هەردوو مادەی ٤٠٦ و ١٦٩ سزدراوە، لە یەکەمیاندا بە سزای لە سێدارەدان و دووەمیان بە پێنج ساڵ و مانگێک زیندانیکردن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...