Site icon Zed Press

ڕاگەیەندراوێک لە وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکانەوە

وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، قەرەبووکردنەوەی بەشی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبا ڕادەگەیەنێت و دەڵێ، ڕێگە نەدراوە کوژانەوەی گشتی لە سیستەمی کارەبا ڕووبدات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان (بەوەكالەت) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە، ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٤، ڕایگەیاند،  تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی دیكە، پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر توانیویانە قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی ٢٥٠٠ مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەنەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بگەیەننە ١٦٠٠ مێگاوات.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تیمەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان “ماندوونەناسانە بە درێژایی شەوی ڕابردوو تا ئێستا بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هێرشەكە و بە پلانێكی تۆكمە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبایان کردووەتەوە و ڕێگایان نەدا كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا ڕووبدات”.

زیاتر دەڵێ: “ئێستا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی شوێنەوای هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گازدایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە”.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، ٢٦ی نیسان، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنوری شارەدێی قادرکەرەمی سەربە شارۆچکەی چەمچەماڵ و بەهۆیەوە ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان وەستا. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هێرشەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبای هەرێمی کوردستان.

Exit mobile version