بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەم، ٥ی ئایاری ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بگاتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە تاوتوێی چەند پرسێک بکات.
بەگوێرەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەو سەردانەیدا، “لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئێران، پرسی پەیوەندییەکان و دراوسێیەتی هاوبەش تاوتوێ دەکات”.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: “سەرۆکی هەرێمی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان دەچێتە تاران” و هەروەها دەڵێ: “باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران لەبەرژەوەندیی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدایە”.
بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا، چاوی بە هەریەک لە عەلی خامەنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەکەوێت.
سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە تاوتوێکردنی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا بەشداریکردنی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی ئایینی و نەتەوەیی، یەکێک لە تەوەرەکان دەبێت لە دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای ئێران.