قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، “لە پەرۆشیمانەوە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان، نیگەرانین لە هەموو ئەو هەوڵ و هەنگاوانەی بە مەبەستی دواخستن و پەکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەنرێن، چونکە زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێم و دامەزراوەکانی دەگەیەنێت و داهاتووی وڵاتەکەمان دەخاتە بەردەم چارەنووسێکی نادیارەوە”.
ئەو گوتانەی قوباد تاڵەبانی لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەزرا زییا بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ هات، کە ئەمڕۆ پێنجشەم، ٩ی ئایاری ٢٠٢٤ پێشوازی لێ کرد.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: “گفتوگۆمان کرد لەبارەی پرسەکانی هەڵبژاردن، لەهەمانکاتیشدا جەختمان لە باوەڕ و پڕەنسیپی نەگۆڕی ژیانی سیاسی خۆمان کرد کە نەک تەنیا ئامادەنین یەک هەنگاو لەو پڕەنسیپ و بەهایانە پاشەکشە بکەین، بەڵکو بەردەوام هەوڵ دەدەین دۆخی ئازادی ڕۆژنامەوانی و مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستاندا باشتر بکەین و بەهەموو هێزمانەوە بەڕووی توندوتیژی دژی ژنان دەوەستینەوە”.
ئەوە لەکاتێکدا دێت، کە هەر ئەمڕۆ پێنجشەم، لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی لیستی بەرەی گەل، بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتنی ژێربەژێری پارتی و یەکێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ڕایگەیاند، کە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕێککەوتووە.