هه‌واڵ

لاهوور جەنگی: قوباد تاڵەبانی و پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن ڕێککەوتوون

لاهوور جەنگی ڕایدەگەیەنێت، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕێککەوتووە و “(یەکێتی) خەڵک چەواشە دەکات”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لاهوور جەنگی سەرۆکی لیستی بەرەی گەل بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، “بەشێک لە یەکێتی بەتایبەت قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پارتی ڕێککەوتوون لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن”.

لاهوور جەنگی، ئەمڕۆ پێنجشەم، ٩ی ئایاری ٢٠٢٤، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەتەوسەوە گوتی: “هەڵبژاردن لۆ مارێ”.

سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، بەدیاریکراوی ئاماژەی بە ڕۆڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.

ئەو، گوتی: “دەبووایە ئەوان (یەکێتی) خەڵک چەواشە نەکەن، چونکە من ئاگاداربووم، بەشێک لە یەکێتی بەتایبەت قوباد تاڵەبانی ڕێککەوتنی کردووە لەگەڵ پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن”.

زیاتر گوتی: “یان ئەوەیە بافڵ تاڵەبانی ئەو ڕێککەوتنە نییە، کە عەیبەیەکی گەورەیە ئەگەر ئاگادار نەبێت، ئەگەر ئاگاداریش بێت و خەڵکیان چەواشەکردبێت، ئەوەش عەیبەیەکی ترە”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری لەسەر ڕاگرتنی کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دا، پێوەست بە تۆمارکردن و پەسندکردنی لیستی کاندیدان و پاڵپشت بە بڕیارەکەی دادگایش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەک پابەندبوون بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، سەرجەم ڕێکارە دارایی و تەکنیکییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگرت.

دواتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕێگەی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی لیستی یەکێتی لە بازنەی هەولێر، سکاڵایەکی لەسەر ئەنجوومەنی کۆمسیاران تۆمار کرد، بەپاسای ئەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، ڕاگرتنی سەرجەم کارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ناگرێتەوە، وەک ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەیکات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...