بەگوێرەی نووسراوی ژمارە ٧٩٢٥ی وەزارەتەکە، کە ئەمڕۆ چوارشەم، ٧ی ئابی ٢٠٢٤ بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری دەرکراوە، تیایدا هاتووە، کە پاڵپشت بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەمەبەستی ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان و پیشەوەرانی هەرێمی کوردستان، لێژنەی دەرکردن و پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکان داراییەکان لە ١ی ئابی ٢٠٢٤ بڕیارەکەی دا:
یەکەم: ڕاگرتنی ڕێنماییمان ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٢١ کە پاڵپشتە بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٩٦ لە ١٠/١٢٠٢١ کە تایبەتە بە باجی سەر (چێشتخانە و هۆتێلەکان).
دووەم: ڕاگرتنی ڕێنماییمان ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٢١، کە پاڵپشتە بە نووسراوەی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٣١٩٦ لە ٣١/٥/٢٠٢١ و (٤٢٤٢ لە ٣١/٤/٢٠٢١) کە تایبەتە بە باجی سەر (نەخۆشخانە ئەهلییەکان).
سێیەم: ڕاگرتنی وەرگرتنی باجی سەر (سەموونخانە و نانەواخانەکان) بە پشتبەستن بە ماددەی (حەوتەم/ ٢٧) لە یاسای باجی دەرامەت ژمارە ١١٣ی ساڵی ١٩٨٢ی هەموارکراو.
چوارەم: ڕاگرتنی باجی (زەریبەی عەرەسات) کە لە یاسای زەریبەی عەرەسات ژمارە ٢٦ی ساڵی ١٩٦٢ی هەموارکراودا هاتووە، تاکوو یەکلاییکردنەوەی ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لەگەڵ دامودەزگا ئیتیحادییەکان و هەموارکردنەوەی یاساکە.
هەر بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕێنماییەکە لە ڕێککەوتنی دەرچوونی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە جێبەجێ دەکرێت.