د. خهلیل غازی دۆسكی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی سێشەم، کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت و هەروەها بڕیارە جێگری سەرۆکوەزیرانم وەزیرەکانی دارایی، پلاندانان، نەوت، پارێزگاری بانکی ناوەندی و چەندین وەزیری دیکەی پەیوەندیدار بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن.
دۆسكی، ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی سبەی، گفتوگۆکردنە لەسەر چەندین تەوەری پێوەست بە ڕەوشی دارایی و ئابووری و ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراق بەگشتی.
بەگوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەو بابەتانەی چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی بەیانی گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، پێکدێن لە بودجەی پارێزگاکان، تەرخانکراوەکانی بودجە، پارەی پڕۆژەکان و تەرخانکراوەکانی مووچە و کێشەکانی پێوەست بە نەختینە و دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی و هاوکات جێبەجێکردنی یاسای بودجە بەگشتی و لەسەرتاسەری عێراقدا.