Site icon Zed Press

پارێزگاری سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕەت دەکاتەوە

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تەنیا پاڵاوگەی قەیوان لە سنوری پارێزگای سلێمانی مۆڵەتی یاسایی هەیە، بەڵام پارێزگاری سلێمانی، نکوڵی دەکات و دەڵێ هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە سنورەکەیاندا نییە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕۆژی ١٩ی ئابی ٢٠٢٤، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە میدیاکارانی ڕاگەیاند، لە سنوری پارێزگای سلێمانی هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی نییە و ئەو پاڵاوگانەی کار دەکەن مۆڵەتی ژینگەییان هەیە.

لێدوانەکەی پارێزگاری سلێمانی، دوای ئەوە دێت، کە لە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تەنیا سی پاڵاوگەی نەوت مۆڵەتی فەرمی کارکردنیان هەیە و سەرجەم پاڵاوگەکانی دیکە نایاسایین. ئەو سێ پاڵاوگەیەش پێکدێن لە پاڵاوگەکانی کار و لاناز لە هەولێر و پاڵاوگەی قەیوان لە پارێزگای سلێمانی، وەک ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا ئاماژەی پێدراوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەمان ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتی دەکاتەوە: “جگە لە هەرسێ پاڵاوتگەی كار و لاناز و قەیوان مۆڵەتمان بە هیچ پاڵاوتگەیەكی دیكە نەداوە، ئەوانیش بەپێی مەرج و ڕێنماییەكانی وەزارەت كار دەكەن“.

هەر دوا بەدوای ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، زێدپرێس لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا، ئاماژەی بە فەرمانێکی وەزاری کرد، کە لە ٥ی ئەیلوولی ٢٠١٥ و بە واژۆی ئاشتی هەورامی وەزیری ئەوکاتی سامانە سروشتییەکان دەرکراوە و لەپاڵ جەخت کردنەوە لە داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان، هاوکات ڕێگە بە مانەوە و کارکردنی یەکێک لە پاڵاوگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەناوی کوردئۆیل دەدات، لەپاڵ ٢٥ پاڵاوگەی دیکە لە هەولێر و دهۆک، ئەوە جگە لە پاڵاوگەکانی کار و قەیوان کە پێشتر مۆڵەتی وەزارەتەکەیان وەرگرتووە و دوو لە پاڵاوگە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە لە ٥ی ئەم مانگەدا بڵاوکراوەتەوە، لەکۆی ئەو ٢٦ پاڵاوگەیەی لە ٥ی ئەیلوولی ٢٠١٥دا بە فەرمانێکی وەزاری، لەلایەن هەمان وەزارەتەوە مۆڵەتی کارکردن و بەردەوامبوونیان دراوە، جگە لە پاڵاوگەی لاناز لە پارێزگای هەولێر، هەر ٢٥ پاڵاوگەکەی دیکە مۆڵەتیان نییە.

بەرپرسێکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە زێدپرێسی ڕاگەیاند، ژمارەیەک لە پاڵاوگەکان لە ساڵانی ڕابردوودا، لەلایەن دەستەی ژینگە و فەرمانگەکانی ژینگەوە، مۆڵەتی ژینگەییان پێدراوە و لەناویشیاندا پاڵاوگەی کوردئۆیڵ هەیە لە سنوری قەزای دۆکان سەربە پارێزگای سلێمانی.

هەرچەند لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و حکوومەتە خۆجێییەکانی پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین بڕیار بۆ داخستنی پاڵاوگەکان دەرکراون، بەڵام هێشتا پاڵاوگەکان بەردەوامن و سەرەڕای ئەوەیش کە هۆکاری داخستنی پاڵاوگەکان بە ژینگەوە گرێدراوە، بەڵام لە بەدواداچوونەکانی زێدپرێسدا دەرکەوتووە، ژمارەیەک لەو پاڵاوگانە، پێشتر لەلایەن دەستەی ژینگەوە مۆڵەتی ژینگەییان پێدراوە.

Exit mobile version