ژینگه‌هه‌واڵ
ئاراستەکان

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: تەنیا سێ پاڵاوگە مۆڵەتیان هەیە

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایدەگەیەنێت، تەنیا مۆڵەتیان بە سێ پاڵاوگە داوە و سەرجەم پاڵاوگەکانی دیکە نایاسایین، لەکاتێکدا پێشتر مۆڵەتی کارکردنی ٢٦ پاڵاوگەی ڕاگەیاندووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٥ی ئابی ٢٠٢٤ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ بڕیار و ڕێکارەکانی پێوەست بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بڵاوکردەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، کە “وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییان پشتگیری لە ڕێکارەکانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ داخستنی پاڵاوتگە نایاساییەکان دەکات، کە بەبێ مۆڵەتی وەزارەت و لە دەرەوەی ڕێنماییەکان دامەزراون”.

ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری داخستنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنوری پارێزگای هەولێر و لەلایەن حکوومەتی خۆجێیی هەولێرەوە دێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت: “جگە لە هەرسێ پاڵاوتگەی كار و لاناز و قەیوان مۆڵەتمان بە هیچ پاڵاوتگەیەكی دیكە نەداوە، ئەوانیش بەپێی مەرج و ڕێنماییەكانی وەزارەت كار دەكەن”.

ئەو ڕوونکردنەوەیە لەکاتێکدایە، کە لە ٥ی ئەیلوولی ٢٠١٥، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە فەرمانێکی وەزاری و بە نووسراوی ژمارە ٨٥٤٥، کە واژۆی ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکانی لەسەرە، ناوی ٢٦ پاڵاوگەی ئاماژە بۆ کردووە، کە لەلایەن وەزارەتەکەوە مۆڵەتیان پێدراوە و پاڵاوگەی لانازیش یەکێک لەو پاڵاوگەیانە کە لە لیستەکەدا هاتووە.

لە نووسراوەکەی ئەوکاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هاتووە، کە ئەو ٢٦ پاڵاوگەیەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە، داناخرێن و بەردەوام دەبن لە کارکردن، “بە مەرجێک کە ڕێنماییەکانی تەندروستی و سەلامەتی و ژینگەیی حکوومەتی هەرێم لەماوەی سێ مانگدا جێبەجێ بکەن”.

بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس بەنزیکەی تێکڕای ئەو پاڵاوگەیانەی لە لیستی وەزارەتدا هاتوون، ئێستا کار دەکەن و بە ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مامەڵەی فەرمی و ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دەکات، نەوتی خاویان پێدەدرێت.

وەزارەتەکە لە ڕوونکردنەکەی ئەمڕۆیدا جەختی کردووەتەوە: “پێدانی مۆڵەت بە پاڵاوتگەکان لە ڕێگەی وەزارەت و پابەندبوون بە ڕێنماییەکان دەبێت، یەکێک لەوانە پێوەرەکانی پاراستنی ژینگەیە کە لایەنی ژینگەیی بەشی هەرە گرنگی ڕێنماییەكانە”.

لەو ٢٦ پاڵاوگەیەی لە ساڵی ٢٠١٥دا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی لەسەر کارکردنیان کردووەتەوە، ١٨ پاڵاوگەیان لە هەولێر، یەک پاڵاوگە لە سلێمانی و حەوت پاڵاگە کەوتوونەتە دهۆکەوە.

پاڵاوگە ئاماژە بۆکراوەکانی هەولێر پێکدێن لە: لاناز، بیدکۆئۆیڵ، شەماڵ، ئازادی، قوشتەپە، مەتین، پتڕۆڵ، گۆڵد، هەڵەبەند ئۆیڵ، میلان، فازڵ، گەزنە، نەورۆز، سەروەر، ئەمین ئۆیڵ، کوردستان و تی ئێم ئاڕ؛ هەروەها پاڵاوگە ئاماژە بۆکراوەکانی دهۆک پێکدێن لە: پاڵاوگەی دهۆک، کۆچەر، ئەمین، بیری، ڕۆژ، مەتین و موراد دوو. هەرچی پەیوەندی بە تاکە پاڵاوگە ئاماژە بۆکراوەکەی سلێمانی هەیە، پاڵاگەی کوردئۆیڵە، کە زۆرجار بە پاڵاوگەی دوکان یان سورقاوشان ناودەبردرێت.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتدا، هاتووە: “وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان بە نووسراوی فەرمی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار کردووەتەوە پێویستە ڕێکاری یاسایی بۆ پابەندکردنی موەلیدەكانی كارەبا و بەكارهێنانی گازی كوالێتی باش بەپێی خەسڵەتەكانی پەسەندكراوی وەزارەت بگیرێتە بەر و، بۆ ڕێگری لە ساخكردنەوەی بەرهەمی نایاسایی و خراپی پاڵاوتگەكانیش داوا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان کراوە تاقیگە نایاساییەکان دابخەن.”

لەو ڕوانگەیشەوە، ئاماژەی داوە کە “وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوتگە نایاساییەکان ئامادەی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانە.”

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆیدا، بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بە فەرمانە وەزارییەکەی ساڵی ٢٠١٥ بۆ داخستنی پاڵاوگەکانی نەوت و هەروەها ڕێگەدان بە کارکردنی ٢٦ پاڵاوگەکە نەکردووە، جگەلە پاڵاوگەی لاناز کە بەپێی ڕوونکردنەوەی ئێستای وەزارەتەکە، مۆڵەتی پێدراوە.

جێی ئاماژەیە، لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠١٥دا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە فەرمی، تەندەرێکی بۆ دروستکردنی سێ پاڵاوگەی گەورە و ستاندارد لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر و تا ئێستا، بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک تەندەرەکە ڕاگیرا و کاری لەسەر نەکرا.

پاڵپشت بە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەت، تا ئێستا تەنانەت یەک پاڵاوگەیش لەچوارچێوەی تەندەرە ڕاگەیەندراوەکەدا دروست نەکراوە.

 

فەرمانەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و مۆڵەتی کارکردنی ٢٦ پاڵاوگەکە

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...