لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستاندا، بەگشتی بەرزبوونەوەی ١٠٠ دینار لە نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ، دابەشکردنی ئەو بەنزینەیش کە لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بە نرخی ٧٥٠ دینار دەفرۆشرا، کەم کرایەوە.
بەگوێرەی خشتەی تایبەت بە دابەشکردن و فرۆشتنی بەنزینە ٧٥٠ دینارییەکە، ئەمڕۆ هەینی، ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤، تەنیا لە ١٦ بەنزینخانەی ناو شاری هەولێر و دەوروبەری، بەنزین بە نرخی ٧٥٠ دینار دەفرۆشرێت، پێشتر بە بەردەوامی بەنزینەکە لە سەرووی ٢٠ بەنزینخانەوە دابەشکراوە و هەندێکجار لە ٣٠ بەنزینخانە نزیک بووەتەوە.
جگە لە کەمکردنەوەی ئەو بڕە بەنزینەی بە نرخی ٧٥٠ دینار دەفرۆشرا و بەناوی یەکێک لە پاڵاوگەکانی شارەکە ناودەبردا، لەو ماوەیەدا ڕۆژانە و لەسەر یەکتر بەنزینەکە دابەش نەکراوە.
بەپێی بەدواداچوونی زێدپرێس، دوێنێ پێنجشەم، ٢٢ی ئاب، هیچ بڕە بەنزینێک بە بەنزینخانەکان نەدرا و لەلایەن لێژنەی دابەشکردنی بەنزینی سەربە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێریشەوە، خشتەی دابەشکردنی بەنزین بە نرخی ٧٥٠ دینار ڕانەگەیەندرا.
لەماوەی ڕابردوودا، بۆ زێدپرێس دەرکەوتووە، وێڕای ئەوەی لە خشتەی دابەشکردنی بەنزینەکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێرەوە ڕاگەیەندراوە، ناوی چەند بەنزینخانەیەک هاتووە، بەڵام لە واقیعدا بەنزینە ٧٥٠ دینارییەکە لەم بەنزینخانانەدا دابەش نەکراوە.