هه‌واڵ

دابەشکردنی بەنزینی حکوومی لە هەولێر کەم کرایەوە

دابەشکردنی ئەو بەنزینەی بە نرخی ٧٥٠ دینار و لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە چەند بەنزینخانەیەکی هەولێر دەفرۆشرا، کەم کرایەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستاندا، بەگشتی بەرزبوونەوەی ١٠٠ دینار لە نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ، دابەشکردنی ئەو بەنزینەیش کە لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بە نرخی ٧٥٠ دینار دەفرۆشرا، کەم کرایەوە.

بەگوێرەی خشتەی تایبەت بە دابەشکردن و فرۆشتنی بەنزینە ٧٥٠ دینارییەکە، ئەمڕۆ هەینی، ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤، تەنیا لە ١٦ بەنزینخانەی ناو شاری هەولێر و دەوروبەری، بەنزین بە نرخی ٧٥٠ دینار دەفرۆشرێت، پێشتر بە بەردەوامی بەنزینەکە لە سەرووی ٢٠ بەنزینخانەوە دابەشکراوە و هەندێکجار لە ٣٠ بەنزینخانە نزیک بووەتەوە.

جگە لە کەمکردنەوەی ئەو بڕە بەنزینەی بە نرخی ٧٥٠ دینار دەفرۆشرا و بەناوی یەکێک لە پاڵاوگەکانی شارەکە ناودەبردا، لەو ماوەیەدا ڕۆژانە و لەسەر یەکتر بەنزینەکە دابەش نەکراوە.

بەپێی بەدواداچوونی زێدپرێس، دوێنێ پێنجشەم، ٢٢ی ئاب، هیچ بڕە بەنزینێک بە بەنزینخانەکان نەدرا و لەلایەن لێژنەی دابەشکردنی بەنزینی سەربە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێریشەوە، خشتەی دابەشکردنی بەنزین بە نرخی ٧٥٠ دینار ڕانەگەیەندرا.

لەماوەی ڕابردوودا، بۆ زێدپرێس دەرکەوتووە، وێڕای ئەوەی لە خشتەی دابەشکردنی بەنزینەکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێرەوە ڕاگەیەندراوە، ناوی چەند بەنزینخانەیەک هاتووە، بەڵام لە واقیعدا بەنزینە ٧٥٠ دینارییەکە لەم بەنزینخانانەدا دابەش نەکراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...