Site icon Zed Press

بەرپرسانی کورد لە بەغدا خۆیان لە پرسی مووچە دەدزنەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی مانگی ئاب، هێشتا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووزی ڕابردوویان وەرنەگرتووە. بەرپرسان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، خۆیان لە پرسی مووچە بێدەنگ کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دوێنێ پێنجشەم، ٢٢ی ئابی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا، وەک هەموو جار، پێداگیری کرد: “بەرپرسیارێتی وەزارەتی داراییی فیدڕاڵە، مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێرێت”.

هەرچەند لە کۆتایی مانگی ئاب نزیک دەبینەوە، هێشتا هیچ هەواڵێک لە کاتی ناردن و خەرجکردنی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نییە.

بەگوێرەی ئەنجوومەنی وەزیران، زیاتر لە ٣٠ ڕۆژە، لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەممووز بە سەرجەم زانیارییە داواکراوەکان ڕەوانە کراوە، “بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکراوە“.

ڕۆژی پێشتر (٢١ی ئاب) وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەران بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، دوای (٣١) ڕۆژ لە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری خەرجکردنی یەک ملیار و ٤٢٦ ملیۆن دیناری داوە، بۆ دابینکردنی مووچەی دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی دەستپاکی و دەستەی ژینگە و ئەوەش تەنیا (%00.14)ی کۆی تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

وەزارەتەکە، دوای ڕوونکردنەوەیەکی درێژ لەبارەی ئەو کێشە و پاساوانەی وەزارەتی دارایی عێراق وەک ئاستەنگ بۆ خەرجکردنی مووچە بەکاری دەهێنێت، ڕوو لە مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەکات و داوا دەکات خۆیان بڕیار بدەن کێشەی نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە، “ئیداری و دارایی و ژمێریارییە یان سیاسی؟!”.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مامەڵەی وەزارەتی دارایی عێراق بەرانبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە “جیاکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان” لەقەڵەم دەدات، بەوهۆیەوە کە وەزارەتی دارایی عێراق، هەبوونی سەرنج و تێبینی لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵی، کردووەتە پاساو بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم، لەکاتێکدا وەک ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ: “دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ، بەردەوام ڕاپۆرت لەبارەی کەموکورتییەکانی ژمێریاریی دامەزراوەکانی فیدڕاڵ پێشکەش دەکەن، بەڵام هیچ کات پەنایان بۆ دواخستن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق نەبردووە”.

هەرچەند، وەزارەتی دارایی و ئابووری و خودی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر نەبوونی گرفتی دارایی و ژمێریاری یان کارگێڕی لەبەردەم پرسی ناردنی مووچە دەکەن و هۆکارەکە بە سیاسی و سیاسەتی جیاکاری بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان پێناسە دەکەن، بەڵام پێش تەنیا دوو هەفتەیەک لەو ڕێککەوتە، بریکارە کوردەکەی وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی پێچەوانەی دا.

مەسعوود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە ١٢ی ئەم مانگەدا، ڕایگەیاند: “ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشە و گرفتێکی نییە و دەنێردرێت و لە مانگەکانی داھاتوویش کێشەی نابێت“.

بریکارە کوردەکە، هۆکاری نەناردن یان دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە، بۆ پڕۆسەیەکی ژمێریاری لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، کە خۆی لە پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی دەوڵەت بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەبینێتەوە و ئەوەش وەک ئەو دەڵێ، دیوانی چاودێریی دارایی بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی دەوڵەت لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵەکەدا دەکات و زیاتر دەڵێ: “پێداچوونەوەکە بەردەوامە، فەرمانگەی بودجە سەربە وەزارەتی دارایی ھەوڵی تەواو دەدەن بۆ تەواوکردنی پێداچوونەوەکان لە کەمترین ماوەدا و پاشان داواکردن لە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم“.

ڕوونکردنەوەکەی مەسعوود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لەکاتێکدا بوو، کە ئەو پڕۆسە پێداچوونەوە گشتگیرەی ئاماژەی بۆ کردووە، هیچ کات ڕێگر نەبووە لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

نوێنەرانی هەرێمی کوردستان چەندین پۆستی گرنگی عێراق بەڕێوە دەبەن، لەناویاندا سەرۆککۆمار، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیرەکانی داد، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ژینگە و جگە لە هەبوونی بریکارانی چەند وەزارەتێک، کە تا ئێستا تەنیا بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بەپێچەوانەی ڕاگەیەندراوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان داوە.

هەر دوێنێ، ٢٢ی ئاب، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی لەبارەی گرفتی مووچەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاشکرای کرد، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە پەیوەندی بە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، سەرۆکوەزیران نائاگایی خۆی پیشانداوە، بەرانبەر بەو خاڵانەی لە نووسراوی وەزارەتی دارایی عێراق هەن وەک پاساوی نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵا: ” هیچ بنەمایەکی نییە، جگە لەسیاسەتی دژایەتیکردن و برسیکردنی خەڵکی کوردستان”، لەبەرانبەردا سەرۆکوەزیران بێئاگایی خۆی لەو گرفتە پیشانداوە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لەسەر داوای محەمەد شیاع سوودانی، پەیوەندی بە شاخەوان عەبدوڵاوە کردووە و نیگەرانی خۆی بەرانبەر بەو پاساوانە بە تەیف سامی ڕاگەیاندووە، کە لەلایەن خودی وەزارەتەکە و وەزیرەکەوە، کراونەتە بیانوو بۆ خەرج نەکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ڕاگەیەندراوەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هیچ وادە و ڕێگەچارەسەرێکی کۆنکرێتی لەمەڕ کات و چۆنیەتی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پیشان نادا، جگە لەوەی تەیف سامی گوتوویەتی، لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و لەو ڕوانگەیەشەوە، شاخەوان عەبدوڵا نیازی خۆی پیشانداوە، کە لە هەفتەی داهاتوودا، داوایەک ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار و وەزیرە کوردەکانی حکوومەتی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات بۆ کۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە و “ڕاگەیاندنی هەڵوێستێک لەو بارەوە“.

Exit mobile version