هه‌واڵ

ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “بەرپرسیارێتی وەزارەتی داراییی فیدڕاڵە، مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێرێت کە زیاتر لە ٣٠ ڕۆژە، لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەممووز بە سەرجەم زانیارییە داواکراوەکان ڕەوانە کراوە، بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکراوە”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٢١ی ئابی ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرەنجامی کارەکانی لیژنەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ و هەرێم بۆ سێ مانگی یەکەمی ٢٠٢٤، لەبارەی داهات و خەرجی و میلاک و تۆماری بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفیی یەکگرتوو، لەلایەن فەریق سلێمان سەرپەرشتیاری دیوانی چاودێریی داراییی هەرێم و هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری و سەفین غەفوور ڕاوێژکار لە نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران خرایە ڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە سەرجەم وەزارەتەکان بۆ برەودان بە هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی داراییی هەرێم و فیدڕاڵ، “لەپێناو لابردنی هەر ئاستەنگێکی تەکنیکی لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی مانگانەی هەرێم لە کاتی خۆیدا، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە بەرپرسیارێتی وەزارەتی داراییی فیدڕاڵە، مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێرێت کە زیاتر لە ٣٠ ڕۆژە، لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەممووز بە سەرجەم زانیارییە داواکراوەکان ڕەوانە کراوە، بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکراوە”.

زیاتر هاتووە: “ئەمە لە کاتێکدایە کە مووچە بە بڕیاری دادگا بە دوورگیراوە لە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت، بەو پێیەی مووچە، شایستەی داراییی مووچەخۆرانە و نابێت تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت. لە هەمانکاتدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لە بەرانبەر وەزارەتی داراییی حکوومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ کردووە لە ناردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە گشت زانیارییەکانی تۆمارکراو لە داتابەیسی بایۆمەتری و دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی، سەرەڕای ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجییەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ لە کاتی خۆیدا و هەروەها مانگانە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ ناردووە”.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە: “نابێت بەهیچ جۆرێک هەبوونی تێبینی و سەرنج لە لایەن دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم، وەک ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی داراییی فیدڕاڵەوە دەکرێت، ئەمە مامەڵەیەکی جیاکارییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە دڵنیاین، دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ، بەردەوام ڕاپۆرت لەبارەی کەموکورتییەکانی ژمێریاریی دامەزراوەکانی فیدڕاڵ پێشکەش دەکەن، بەڵام هیچ کات پەنایان بۆ دواخستن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق نەبردووە”.

لەو ڕوانگەیەوە، دەڵێ: “پێویستە بە زووترین کات مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکرێت، وەزارەتەکانیش لە نزیکەوە کار لەسەر ڕاسپاردەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی هەرێم و بەغدا دەکەن، بۆیە نابێت ڕاپۆرتەکانی چاودێریی دارایی، ببنە هۆکاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.”

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو تایبەت بە یەکخستنی ڕێکار و ڕێنماییە داراییەکان لە نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی لە بواری داراییی گشتی وسیستمە ژمێریارییەکان، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندێتی دەستووریی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکارییەکانی خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەماهەنگی لەگەڵ دیوان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن، بۆ گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی بڕیارێک لەمبارەیەوە، تا لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و بڕیاری پێویستی لەسەر بدرێت.

بڕگەی سێیەم تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی هەماهەنگی نێوان کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبەر ڕۆشناییی دوا کۆبوونەوەی هاوبەش، لە ڕێککەوتی ١٤ی ئاب و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوە تایبەت بە ئەرک و ڕۆڵی وەزارەتەکانی هەرێم لە پێشکەشکردنی ئاسانکاریی لۆجستی بۆ کۆمسیۆن، لەپێناو سەرخستنی ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن  دووپات کردەوە و جەختی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە کەشێکی ئارامدا کردەوە.

دوا بڕگەی کۆبوونەوە، پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک بوو لەلایەن کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، سەبارەت بە پرۆسەی کڕینەوە و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم و شایستە داراییەکانیان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران.

ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنانی ڕاسپارد پێکەوە کاری پێویست ئەنجام بدەن، بۆ بەبازاڕکردنی ئەو گەنمەی جووتیارانی هەرێم، کە لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە وەرنەگیراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی کڕینەوەی گەنم لە لایەن کەرتی تایبەتی هەرێم کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە بۆ ئەم مەبەستە، لە ئێستاشەوە پلانی پێویست دابنێن بۆ بەرهەمی ساڵی داهاتووی جووتیاران و لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بۆ پاراستنی مافی جووتیارانی هەرێم و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...