سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ زێدپرێس ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم، لەکاتی چوونی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ بۆ پرسەیەک لە مزگەوتی ڕەشاد موفتی لە شاری هەولێر، دەمەقاڵێ لە نێوان شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ و کەسانی خاوەن پرسەکە دروست دەبێت و پاشان شەڕ لە نێوان پاسەوانانی بەرپرسەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەو کەسانە ڕوودەدات.
بەپێی سەرچاوەکەی زێدپرێس، شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ ویستوویەتی بەشداری لە پرسەکەدا بکات، بەڵام ژمارەیەک لە کەسوکاری کۆچکردووەکە، پێیان ڕاگەیاندووە کە چەند کەسێکی خێڵەکەیان لەلایەن یەکێتییەوە کوژراون و لەبەرئەوە ناتوانن بەشداری لە پرسەکە بکەن و ئەوەش شەڕ و دەمەقاڵێیی بەدوای خۆیدا هێناوە.
سەرچاوەکە گوتیشی، پاسەوانانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ بە قۆنداغە تفەنگ لە چەند کەسێکیان داوە و یەکێک بریندار بووە، هاوکات تەقەیان کردووە.
سەرچاوەکەی زێدپرێس، ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە بەشدارانی پرسەکە لە ئەنجامی تەقەکردن و بە فیشەک بریندار کراوە و ڕاستەوخۆ بۆ نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی هەولێر گواستراوەتەوە، بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی، ژمارەیەک کەسی دیکەیش بەهۆی لێدان بە بۆکس و قۆنداغە تفەنگ بە سووکی بریندار بوون.
دوابەدوای ڕووداوەکە، شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ و پاسەوانەکانی شوێنی پرسەکە جێدەهڵێن و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسەکەیش لە مزگەوتەکە ڕاگیراوە.

