هه‌واڵ

شەڕ لە نێوان پاسەوانانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ و چەند کەسێک ڕوویدا

شەڕێک لە نێوان پاسەوانانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ و چەند کەسێک ڕوویدا و هاووڵاتییەکیش بریندار بوو.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ زێدپرێس ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم، لەکاتی چوونی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ بۆ پرسەیەک لە مزگەوتی ڕەشاد موفتی لە شاری هەولێر، دەمەقاڵێ لە نێوان شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ و کەسانی خاوەن پرسەکە دروست دەبێت و پاشان شەڕ لە نێوان پاسەوانانی بەرپرسەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەو کەسانە ڕوودەدات.

بەپێی سەرچاوەکەی زێدپرێس، شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ ویستوویەتی بەشداری لە پرسەکەدا بکات، بەڵام ژمارەیەک لە کەسوکاری کۆچکردووەکە، پێیان ڕاگەیاندووە کە چەند کەسێکی خێڵەکەیان لەلایەن یەکێتییەوە کوژراون و لەبەرئەوە ناتوانن بەشداری لە پرسەکە بکەن و ئەوەش شەڕ و دەمەقاڵێیی بەدوای خۆیدا هێناوە.

سەرچاوەکە گوتیشی، پاسەوانانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ بە قۆنداغە تفەنگ لە چەند کەسێکیان داوە و یەکێک بریندار بووە، هاوکات تەقەیان کردووە.

سەرچاوەکەی زێدپرێس، ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە بەشدارانی پرسەکە لە ئەنجامی تەقەکردن و بە فیشەک بریندار کراوە و ڕاستەوخۆ بۆ نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی هەولێر گواستراوەتەوە، بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی، ژمارەیەک کەسی دیکەیش بەهۆی لێدان بە بۆکس و قۆنداغە تفەنگ بە سووکی بریندار بوون.

دوابەدوای ڕووداوەکە، شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ و پاسەوانەکانی شوێنی پرسەکە جێدەهڵێن و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسەکەیش لە مزگەوتەکە ڕاگیراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...