لە شەوی ڕابردووەوە، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ژمارەیەک لە ڕێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانەی بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەم ساز بکرێت، دەستگیر کرا بوون و بەیانی ئەمڕۆیش لەگەڵ دەستپێکی گردبوونەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەنیازی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە، ژمارەیەکی دیکە لە مامۆستایان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەستگیر کران.
لەناو دەستگیرکراوەکاندا، هەر یەک لە عەلی حەمە ساڵح، د. رێبوار کەریم و د. غالب محەممەد سەرۆک و هەڵسوڕاوانی ڕەوتەکە هەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، چەند ئەندامێکی حزبی شیوعی کوردستان و ئەندامێکی بەرەی گەل لەناو دەستگیرکراوەکانن.
هاوکات، چەند مامۆستایەک کە بڕیاری خۆپیشاندانیان دژی نەناردنی مووچە دابوو، لەناویاندا دوو مامۆستا بەناوەکانی تەها هەورامی و شاد زاهیر لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
لە بەرەبەیانییەوە، هێزە ئەمنییەکان لەناو شاری سلێمانی بڵاوکرابوونەوە و لە کۆتاییدا ڕێگەیان بە سازکردنی خۆپیشاندانەکە نەدا.
دوو ڕۆژی ڕابردوو هەریەک لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی و دەزگای ئاسایشی هەرێم/سلێمانی، بەپاساوی ئەوەی “کاتەکە گونجاو نییە”، داوایان لە مامۆستایان و فەرمانبەران کرد خۆپیشاندانەکەیان دوابخەن.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەم، لانیکەم پازدە ڕۆژنامەوان و تیمی میدیایی کە بە مەبەستی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکە، ڕوویان لە شوێنی دیاریکراوی خۆپیشاندانەکە کردبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران.

