هه‌واڵ

سلێمانی: ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە و ژمارەیەک چالاکی مەدەنی و سیاسی دەستگیر کران

ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی و چەند کەسایەتی مەدەنی و سیاسی کە نیازی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکە هەبووە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کران.

 

لە شەوی ڕابردووەوە، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ژمارەیەک لە ڕێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانەی بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەم ساز بکرێت، دەستگیر کرا بوون و بەیانی ئەمڕۆیش لەگەڵ دەستپێکی گردبوونەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەنیازی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە، ژمارەیەکی دیکە لە مامۆستایان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەستگیر کران.

 

لەناو دەستگیرکراوەکاندا، هەر یەک لە عەلی حەمە ساڵح، د. رێبوار کەریم و د. غالب محەممەد سەرۆک و هەڵسوڕاوانی ڕەوتەکە هەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، چەند ئەندامێکی حزبی شیوعی کوردستان و ئەندامێکی بەرەی گەل لەناو دەستگیرکراوەکانن.

 

هاوکات، چەند مامۆستایەک کە بڕیاری خۆپیشاندانیان دژی نەناردنی مووچە دابوو، لەناویاندا دوو مامۆستا بەناوەکانی تەها هەورامی و شاد زاهیر لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.

 

لە بەرەبەیانییەوە، هێزە ئەمنییەکان لەناو شاری سلێمانی بڵاوکرابوونەوە و لە کۆتاییدا ڕێگەیان بە سازکردنی خۆپیشاندانەکە نەدا.

 

دوو ڕۆژی ڕابردوو هەریەک لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی و دەزگای ئاسایشی هەرێم/سلێمانی، بەپاساوی ئەوەی “کاتەکە گونجاو نییە”، داوایان لە مامۆستایان و فەرمانبەران کرد خۆپیشاندانەکەیان دوابخەن.

 

هەر ئەمڕۆ پێنجشەم، لانیکەم پازدە ڕۆژنامەوان و تیمی میدیایی کە بە مەبەستی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکە، ڕوویان لە شوێنی دیاریکراوی خۆپیشاندانەکە کردبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button