لەو چەند ساڵەی دواییدا، هەڵکشانی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران و هەڵوەشاندنەوەی خێزان، نیگەرانییەکی تەواوی لە کۆمەڵگەی عێراقی دروستکردووە، کە هاوکاتە لەگەڵ خراپبوونی دۆخی ئابووری و هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجاندا.
فازڵ غەراوی سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند، ئامارەکان، هەڵکشانێکی ترسناک پیشان دەدەن، کە مەترسی بۆ سەر سەقامگیری خێزان و کۆمەڵگە دروست دەکات. لەکاتێکدا تەنیا لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٠ تاوەکوو ٢٠٢٣، بەدیاریکراوی ٣٥٧ هەزار و ٨٨٧ حاڵەتی جیابوونەوە لە پارێزگەکانی عێراق تۆمارکراوە، بەدەر لە هەرێمی کوردستان.
غەراوی هۆکارەکانی هەڵکشانی ژمارەی جیابوونەوەی هاوسەران دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی لێکتێگەیشتن لە نێوان هاوسەرەکان لە ڕووی هزری و ڕۆشنبیری و ئاستی تەمەن و زیادبوونی کێشە و توندوتیژی خێزانی و خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکان و سۆشیال میدیا و کێشەی ئابووری. ئەو، پێی وا بوو، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی هۆشیاری لەسەر مەترسییەکانی جیابوونەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر خێزان و کۆمەڵگا، پێویستییەکە، لەپاڵ ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی نیشتمانی کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشداری تێدا بکەن، لەپێناو دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی جیابوونەوە و هاوکات دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەرییەکان.
هەرچەند ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و هەروەها نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، دابەزینێک بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ پیشان دەدەن، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠٢٣، بە ژمارە ١٤٠ هەزار و ٤٨٧ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ ٧٢ هەزار و ٨٤٢ حاڵەت دابەزیوە. ئەوەش کەمبوونەوەیەکە بەڕێژەی نزیکەی ٥٠٪. بەڵام نەک هەر ئەوەی هێشتا ژمارەکە بەرزە، بەڵکوو گرفتێکی دیکەیش هەیە، کە ئەو ئامارانە، تەنیا ئەو ژمارەیە لە جیابوونەوە پیشان دەدەن کە لەلایەن دادگەکانەوە پەسندکراوە، نەک ئەو داواکارییانەی کە بۆ جیابوونەوە خراونەتە بەردەم دادگەکان و هێشتا بڕیاریان لەسەر نەدراوە.
حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا:
کانوونی دووەم: شەش هەزار و ٤٤٨
شوبات: شەش هەزار و ٣٩٢ حاڵەت
ئازار: چوار هەزار و ٩٧٤ حاڵەت
نیسان: پێنج هەزار و ٦٦٥ حالەت
ئایار: شەش هەزار و ١٥ حاڵەت
حوزەیران: پێنج هەزار و ٢٨ حاڵەت
حازم ئەلڕادینی توێژەر و جێگری سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی مافی مرۆڤ لە عێراق، کێشەکانی ئابووری، هەژاری و بێکاری بە سەرەکیتریین هۆکارەکانی هەڵکشانی ژمارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران دەزانێت، لە پلەی دووەمیشدا ئاماژە بە گرفتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، توندوتیژی خێزانی و هاوسەرگیری خوار تەمەنی یاسایی دەکات.
هەڵکشانی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران، هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەکانی بێکاری لە عێراقدا. ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی بێکاری لە عێراق بە ١٤٪ تا ١٥٪ دەستنیشان کراوە. هەندێک لە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان ڕێژەکەیان بە ١٥.٥٢٪ دەستنیشان کردووە. ئەوەش نزیکەی لە ڕێژەی ڕاگەیەندراوی بێکاری بۆ ساڵی ٢٠٢٢ لە عێراق کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە بە ١٥.٥٥٪ دەستنیشان کراوە، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ کە ڕێژەی بێکاری لە عێراق بە ٩.٦٪ دیاریکراوە.
زۆرینەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە ناو گەنجاندان، وەک چۆن زۆرینەی حاڵەتەکانی بێکاری لە عێراق پێوەستە بە گەنجانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ. لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجانی عێراقدا ١٧.٢٢٪ بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٣٤.٥٩٪ هەڵکشاوە.
ئەو ئامارانە، پێوەندییەک لە پێوەندی هەڵکشانی حاڵەتەکانی جیابوونەوە بە خراپبوونی دۆخی ئابووری و نەبوونی دەرفەتی کار و بێکارییەوە ڕوون دەکەنەوە.

