ئابووری
ئاراستەکان

ڕێژەی بێکاری لە ناو گەنجانی عێراق بەخێرایی بەرزدەبێتەوە

زێدپرێس

 

لەماوەی ٢٠ ساڵدا، ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجانی عێراق بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە. هەرچەند ڕێژەی گشتی بێکاری لە عێراق ١٥.٥٥٪ پێکدێنێت، بەڵام ئەو ڕێژەیە لەناو گەنجانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ بۆ ٣٤.٥٩٪ هەڵدەکشێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی نوێترین ئاماری فەرمی وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٢، ڕێژەی گشتی بێکاری لە وڵاتەکە، ١٥.٥٥٪ بووە، ئەو ڕێژەیە تەنیا ٩.٠٦٪ بوو لە ساڵی ٢٠٠٣دا. ڕێژەی بێکاری ساڵ بە ساڵ لە عێراق بەرز دەبێتەوە. بارودۆخەکە لەناو گەنجانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ زۆر خراپترە، لەکاتێکدا ڕێژەی بێکاری لەناو ئەو گرووپەی تەمەندا، لە ١٧.٢٢٪ لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ٣٤.٥٩٪ لە ساڵی ٢٠٢٢ هەڵکشاوە.

کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، هاوشێوەی کابینەکانی پێشوو، چەندین خاڵی پێوەست بە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و دابینکردنی دەرفەتی کار لەخۆدەگرێت؛ بەرنامەیەک کە وەک ئامارەکان پیشانی دەدەن، هیچ کام لە کابینەکانی حکوومەتی عێراق لەوەتەی ساڵانی پاش ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا، تێیدا سەرکەوتوو نەبوون.

عەبدولزەهرە هنداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئاماژە بەو هەڵکشانەی ڕێژەی بێکاری لە عێراق دەکات، “نیگەرانی زیاتر لەڕێژەی بێکارییە لەناو گەنجاندا”. هنداوی وای گوت.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی پلاندانان، دانیشتووانی تەمەن ١٥ ساڵ و سەرتر، نزیکەی ٦٤٪ی کۆی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن، ئەوەش نیگەرانییەکە لەمەڕ ڕێژەکانی بێکاری لەناو گەنجاندا زیاتر دەکات.

“عێراق یەکێک لە وڵاتە گەنجەکانە، گەنجەکانمان نیشتمانیین، وەک ئەوەی لەهاتنەپێشەوەیان لە شەڕی داعشدا بینرا، ئێمە بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لەسەرە بۆ وێنەکردنی چارەنووسییان”، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانەی دیدارێکدا لە ئەیلوولی ئەمساڵ وای گوت.

گەنجان کە ڕێژەی زۆری پێکهاتەی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن، وایکردووە، گرفتی بێکاری لە ڕیزەکانیاندا، وەک پرسێکی هەستیار دەربکەوێت، “بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری لەناو گەنجاندا، ئەستەمە باس لە سەقامگیری لە عێراق بکرێت”، محەمەد ساڵح شارەزای ئابووری وای گوت.

ئەو زیاتر دەڵێ، “بەرپرسانی عێراق لە هەستیاریی ئەو بابەتە تێدەگەن، بەڵام پێناچێت زۆریش باکیان پێی هەبێت، ئەوە لە کەمتەرخەمیان بەرانبەر توێژەکە و گرفتەکانی دەردەکەوێت”.

د. محەمەد عەبد ساڵح پسپۆڕی ئابووری، باس لەوە دەکات، هەرچەند عێراق خاوەنی نەوت و گاز و کشتوکاڵ و سەرچاوەی دیکەی ئابوورییە و هێزی مرۆیی پێویستی هەیە، بەڵام کەموکورتی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکان دۆخێکی خراپی دروستکردووە، “هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری بەڵگەیەکە”، پسپۆڕەکە گوتی.

ئەو دەڵێ “وڵاتەکە پێویستی بە داڕشتنی سیاسەتێکی گەشەپێدان هەیە، کە بەگەڕخستنی هێزی کار مسۆگەر بکات، لەکاتێکدا لاوازی وەبەرهێنان و پەرەپێدان لە عێراق وایکردووە بێکاری لە بەرزبوونەوەدابێت”.

د. محەمەد عەبد ساڵح و ڕەنگە زۆر شارەزای دیکەی ئابوورییش خاوەنداریەتی لەو بیرۆکەیە دەکەن، کە دابەزاندنی ڕێژەی بێکاری پێویستی بە پەرەپێدانی کەرتی تایبەت هەیە، لەکاتێکدا بێکارییەکی گەورەی داپۆشراو لە کەرتی گشتی عێراق هەیە.

کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی عێراق لەوەتەی ساڵانی پاش ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا، هەوڵیانداوە بە دامەزراندنی زیاتری گەنجان لە کەرتی گشتیدا، بە ئەندازەیەک کە دیاردەی بێکاری داپۆشراو سەرجەم وەزارەت و بوارە مەدەنییەکانی عێراقی داپۆشیوە. ئێستا، بەرپرسانی عێراق پەنایان بۆ دامەزراندنی گەنجانی بێکار لە کەرتی ئاسایش و سەربازی بردووە، وەک ئەوەی لە بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٢٥دا دەردەکەوێت.

پێشتر د. فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق بۆ زێدپرێس ئاماژەی بەوە کردبوو، دامەزراندنی زۆرترین کەس لە ڕیزەکانی ئاسایش و سەربازی لە عێراق، لەبەرئەوەیە کە لە هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی دەوڵەت جێگەیان نابێتەوە. گوشاری بێکاریی و نەبوونی دەرفەتی کار لە کەرتی تایبەتدا، دەوڵەتەکەی ناچارکردووە، ساڵانە دەیان و سەدان هەزار کەس دابمەزرێنێت، ئەوەش لەکۆتاییدا بارگرانییەکی گەورە لەسەر بودجەی گشتی عێراق دروست دەکات.

هەر ئێستا، دەوڵەتی عێراق لە دۆخێکدایە، کە زۆرترینی بودجەکەی بۆ بواری بەگەڕخستن دەڕوات، کە ڕێژەی ٧٥٪ی بودجەکەیەتی و تەنیا ٢٥٪ بۆ وەبەرهێنان تەرخانکراوە. ئەو ڕێژەیە ناتوانێت دڵنیایی لە باشتربوونی دۆخی عێراق بدات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button