Site icon Zed Press

لەسەر دۆسیەی لالەزار ناکۆکی لەناو دەستەی مافی مرۆڤ دروستبوو

ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە پەیامێکدا، ڕاگەیەندراوی شەوی ڕابردووی دەستەکە ڕەتدەکەنەوە و بە هەڵوێستێکی سیاسی و سیاسی دیزاینکراوی لەقەڵەم دەدەن و ڕایدەگەیەنن ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤ سەبارەت بە دەستگیرکراوانی لالەزار، گوزارشت لە هەموو دەستە ناکات و تەنیا ڕای لایەنێکی سیاسییە.

 

ڕاگەیەندراوەی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستەکە، دوای ئەوە دێت، پێشتر پەیامێک بەناوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەمان بابەت بڵاوکراوەتەوە و تێیدا باس لە ڕێگری ئاسایشی سلێمانی کراوە لە سەردانیکردنی سەرۆکی دەستە بۆ لای دەستگیرکراوانی لالەزار، هاوکات شاردنەوەی زانیاری لەلایەن ئاسایشەوە لەبارەی ژمارەیەک لە دەستگیرکراوان لەلایەک و ژمارەیەک لە کوژراوانی شەڕەکە لەلایەکی دیکە.

 

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە..

 

شەوی ڕابردوو (هەینی ٥ی ئەیلوول) ڕاگەیەندراوێک بەناوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاوکرایەوە لەسەر ڕووداوەکانی لالەزار و کەیسی ئارام قادر، هەرچەندە ئێمە وەک بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستە ناوەڕۆکەکەی رەت دەکەینەوە و بە هەڵوێستێکی سیاسی دیزاینکراوی دەزانین، چەندان جاری تر سەرنج و تێبنیمان هەبووە لەسەر ئەو جۆرە هەڵوێست و پەیامانەی دەستە؛ کە نە ئاگامان لێی بووە نە پرسمان پێکراوە، بەڵام لەپێناو پاراستنی ناوی دەستەکەمان هیچ هەڵوێستمان نەنواندووە و هەموو جارێک داوای چارەسەرمان کردووە.

 

هەر بۆیە سەبارەت بەو ڕاگەیەندراوە، بەپێویستمان زانی ئەو ڕاستییانە بۆ خەڵکی کوردستان بخەینەڕوو:

 

 

 

هاووڵاتییانی کوردستان؛

دەمانەوێ ئەوە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکەین؛ ئێمە وەک بەشیک لە ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستە، ئەو پەیامەی بەناوی دەستەی مافی مرۆڤ بڵاوکراوەتەوە، ڕەت دەکەینەوە و دەڵێین: بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لەڕای هەموو دەستە ناکات و تەنها ڕای لایەنێکی سیاسییە کە ناوی دەستە بۆ ئامانجی سیاسی خۆیان بەکاردەهێنن و بەئاشکراش بە پەیامەکەی دەستە و ئەو پەلەپەل کردنەوە دیارە.

 

ئێمە دەڵێین: لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانی لەرۆژی یەکەمی ڕووداوەکەی لالەزار و بابەتەکانی تریش هاوکار بوون و دەبوو دەستە ڕەچاوی ئەوەی بکردبایە ئەو کەیسە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەیە و نابێت پەلەی تێدا بکرێت.

 

ئینجا پرسیاری جددی ئەوەیە: ئەی ئەو بەشەی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستە لەکوێ بوون کاتێک لە شەڕەکەی خورشید هەرکی و هێزە ئەمنییەکان، دوو کەس لە هێزەکان شەهید کران و کەسی داواکراویش لە میوانخانە دانرابوو، بەڵام ئەو تیمەی ناو دەستە شتێکیان نەگوت؟

 

ئەی کە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا چەند کەسێک هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس هێمن مامەندیان دا و دواتر هەڵهاتن بۆ شاری هەولێر و ئاسایشی گشتی سلێمانی پەیامی بڵاوکردەوە، بۆچی ئەرک پێ سپێردراوانی ئەو لایەنە سیاسییەی ناو دەستە داوایان لە دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر نەکرد ئەو کەسانە دەستگیر بکەن و بیدەنە دادگا؟

 

ئەی کاتێک سەرۆکی دەستە ئامادەی دادگاییکردنی شێروان شێروانی بوو، بەبەرچاوی بەڕێزیان دادگا بڕیارێکی دا بەسەر ناوبراودا و لە بەردەمی دادگاش چالاکوانان و ئەندامی پەرلەمان سوکایەتیان پێ کرا، بۆچی دەستەی مافی مرۆڤ هیچ شتێکیان بڵاو نەکردەوە؟ لەکاتێکدا نوێنەری یۆنامی نیگەرانی دەربڕی.

 

ئەی بۆ تا ئێستا تۆمەتبارانی کەیسی شوان سابر دەستگیر و ئاشکرا نەکراون و هیچ پەلە پەلێکیش ناکرێت؟

 

ئەی کاتێک شێخ ئەدهەم بارزانی ڕێگەی پێنەدرا بەشداری پرسەی دایکی بکات لەماڵ و زێدی خۆی و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیدا گیرا و پاسەوان و شوفێرەکەی دەستگیرکرا و جارێکی تریش بەم دوایە کۆمەڵێک پاسەوانی گیرا بۆچی ئەو لایەنەی ناو دەستە شتێکی بۆ ڕای گشتی نەگوت و بڵاو نەکردەوە؟

 

سەبارەت بە کەیسی هونەری ڕەشید ئاغا کە تا ئیستاش دادگایی نەکراوە و کەس نازانیت قۆناغی لێکولینەوەی بەکوێ گەیشتووە، بۆ هیچ ناڵێن؟ خۆ هەموو ئەوانە لەپێش ڕووداوەکانی سلێمانی ڕوویانداوە!

 

ئێمە نامانەوێ ئەو لاپەڕانە هەموو هەڵدەینەوە کە هەموویمان وەک بەڵگە لایە و قسەی لەسەر نەکراوە لە پێشێلکاری زەق بەرانبەر مافی مرۆڤ لە سنووری هەولێر و دهۆک.

 

باش دەزانین ئامانجی ئەو لایەنە سیاسییە چییە لە گەورەکردن و بڵاوکردنەوەی پەیامەکان لەسەر سنووری سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکان لە ڕێگەی دەستەکەمانەوە، جگە لەهەوڵدان بۆ ناشرینکردنی دەزگا فەرمییەکانی ئەو سنوورە هیچ مانایەکی تری نییە و ئامانجەکەش دەستێکی ئاشکرای لایەنێکی سیاسییە کە دەیانەوێت ئەجێندای خۆیان فەرز بکەن و ئێمەش وەک بەشێک لە ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە ڕەت دەکەینەوە و بەهیچ شێوەیەکیش گوزارشت لەڕای گشتی دەستە ناکات. ئەگەرنا هەموو لایەک لە دەستە باش دەزانن ئێمە ئەو بەشەین لە دەستەی مافی مرۆڤ زۆر پیشەیی و بەرپرسیارانە بەرانبەر بە مافەکانی مرۆڤ و بێگوێدانە لایەنی سیاسی کارمان کردووە لە هەموو ڕووداوەکان.

 

بەردەوامی ئەو جۆرە هەڵوێستانە بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی دەکەوێتە سەر ئەستۆی بەڕێز سەرۆکی دەستەکە و بەپێی یاسای دەستە بەرپرسە لە پاراستنی سیاسەتی دەستە وەک دەزگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن و ئاکامەکانیش هەرچی بێ لە زەرەری ناوبانگی دەستە دەبێت.

 

بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

٦/٩/٢٠٢٥

Exit mobile version