هه‌واڵ

لەسەر دۆسیەی لالەزار ناکۆکی لەناو دەستەی مافی مرۆڤ دروستبوو

ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە پەیامێکدا، ڕاگەیەندراوی شەوی ڕابردووی دەستەکە ڕەتدەکەنەوە و بە هەڵوێستێکی سیاسی و سیاسی دیزاینکراوی لەقەڵەم دەدەن و ڕایدەگەیەنن ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤ سەبارەت بە دەستگیرکراوانی لالەزار، گوزارشت لە هەموو دەستە ناکات و تەنیا ڕای لایەنێکی سیاسییە.

 

ڕاگەیەندراوەی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستەکە، دوای ئەوە دێت، پێشتر پەیامێک بەناوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەمان بابەت بڵاوکراوەتەوە و تێیدا باس لە ڕێگری ئاسایشی سلێمانی کراوە لە سەردانیکردنی سەرۆکی دەستە بۆ لای دەستگیرکراوانی لالەزار، هاوکات شاردنەوەی زانیاری لەلایەن ئاسایشەوە لەبارەی ژمارەیەک لە دەستگیرکراوان لەلایەک و ژمارەیەک لە کوژراوانی شەڕەکە لەلایەکی دیکە.

 

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە..

 

شەوی ڕابردوو (هەینی ٥ی ئەیلوول) ڕاگەیەندراوێک بەناوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاوکرایەوە لەسەر ڕووداوەکانی لالەزار و کەیسی ئارام قادر، هەرچەندە ئێمە وەک بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستە ناوەڕۆکەکەی رەت دەکەینەوە و بە هەڵوێستێکی سیاسی دیزاینکراوی دەزانین، چەندان جاری تر سەرنج و تێبنیمان هەبووە لەسەر ئەو جۆرە هەڵوێست و پەیامانەی دەستە؛ کە نە ئاگامان لێی بووە نە پرسمان پێکراوە، بەڵام لەپێناو پاراستنی ناوی دەستەکەمان هیچ هەڵوێستمان نەنواندووە و هەموو جارێک داوای چارەسەرمان کردووە.

 

هەر بۆیە سەبارەت بەو ڕاگەیەندراوە، بەپێویستمان زانی ئەو ڕاستییانە بۆ خەڵکی کوردستان بخەینەڕوو:

 

  • سەبارەت بەسەردانیکردنی ئارام قادر لەهەفتەی ڕابردوو، دوای ئەوەی کەسوکاری ناوبراو سەردانی دەستەیان کرد، داوایان کرد دەستە بەدواداچوون بکات، ئێمە پەیوەندیمان بەلایەنی پەیوەندیدارەوە کرد و بەسوپاسەوە وەڵامیان داینەوە کە لەم هەفتەیەی بێتەوە ئەو دەرفەتەمان بۆ ڕێکدەخەن و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە بۆ کاتەکەی وەڵاممان بدەنەوە. بەڵام نازانین پەلەی بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە بەو پشووە و ڕۆژی هەینییە مانای چی بوو؟

 

  • سەبارەت بەدەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار هەموو لایەک ئاگادارن، ئێمە یەکەم تیم بووین وەک دەستە سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوەکانمان کرد و، هەر لەڕێگەی ئێمەشەوە، ئاسایشی گشتی سلێمانی ئاسانکاری کرد بۆ سەردانیکردنی کەسوکاری دەستگیرکراوەکان و بەردەوامیش لەسە خەت بووین بۆ سۆراغکردن و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هەموویان، هیچ ڕێگرییەک نەبووە بۆ کارەکانمان. بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەم هەموو ئاسانکارییەک بکرێت، بەڵام دیسان نەیانهیشت بگاتە یەکشەم وەک ئەوەی پێیان گوترابێت؛ دەبێت هەر ئەمشەو ئەو بەیاننامەیەی کە ئامادەکراوە بڵاوبکرێتەوە، سەرباری ئەوەی گفتۆگۆی زۆر کرا بۆ دواخستنی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکە تا ڕۆژی یەکشەم کە دەوامی فەرمییە، بەڵام دیارە بڕیاری پێشوەختە بووە.

 

هاووڵاتییانی کوردستان؛

دەمانەوێ ئەوە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکەین؛ ئێمە وەک بەشیک لە ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستە، ئەو پەیامەی بەناوی دەستەی مافی مرۆڤ بڵاوکراوەتەوە، ڕەت دەکەینەوە و دەڵێین: بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لەڕای هەموو دەستە ناکات و تەنها ڕای لایەنێکی سیاسییە کە ناوی دەستە بۆ ئامانجی سیاسی خۆیان بەکاردەهێنن و بەئاشکراش بە پەیامەکەی دەستە و ئەو پەلەپەل کردنەوە دیارە.

 

ئێمە دەڵێین: لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانی لەرۆژی یەکەمی ڕووداوەکەی لالەزار و بابەتەکانی تریش هاوکار بوون و دەبوو دەستە ڕەچاوی ئەوەی بکردبایە ئەو کەیسە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەیە و نابێت پەلەی تێدا بکرێت.

 

ئینجا پرسیاری جددی ئەوەیە: ئەی ئەو بەشەی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستە لەکوێ بوون کاتێک لە شەڕەکەی خورشید هەرکی و هێزە ئەمنییەکان، دوو کەس لە هێزەکان شەهید کران و کەسی داواکراویش لە میوانخانە دانرابوو، بەڵام ئەو تیمەی ناو دەستە شتێکیان نەگوت؟

 

ئەی کە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا چەند کەسێک هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس هێمن مامەندیان دا و دواتر هەڵهاتن بۆ شاری هەولێر و ئاسایشی گشتی سلێمانی پەیامی بڵاوکردەوە، بۆچی ئەرک پێ سپێردراوانی ئەو لایەنە سیاسییەی ناو دەستە داوایان لە دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر نەکرد ئەو کەسانە دەستگیر بکەن و بیدەنە دادگا؟

 

ئەی کاتێک سەرۆکی دەستە ئامادەی دادگاییکردنی شێروان شێروانی بوو، بەبەرچاوی بەڕێزیان دادگا بڕیارێکی دا بەسەر ناوبراودا و لە بەردەمی دادگاش چالاکوانان و ئەندامی پەرلەمان سوکایەتیان پێ کرا، بۆچی دەستەی مافی مرۆڤ هیچ شتێکیان بڵاو نەکردەوە؟ لەکاتێکدا نوێنەری یۆنامی نیگەرانی دەربڕی.

 

ئەی بۆ تا ئێستا تۆمەتبارانی کەیسی شوان سابر دەستگیر و ئاشکرا نەکراون و هیچ پەلە پەلێکیش ناکرێت؟

 

ئەی کاتێک شێخ ئەدهەم بارزانی ڕێگەی پێنەدرا بەشداری پرسەی دایکی بکات لەماڵ و زێدی خۆی و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیدا گیرا و پاسەوان و شوفێرەکەی دەستگیرکرا و جارێکی تریش بەم دوایە کۆمەڵێک پاسەوانی گیرا بۆچی ئەو لایەنەی ناو دەستە شتێکی بۆ ڕای گشتی نەگوت و بڵاو نەکردەوە؟

 

سەبارەت بە کەیسی هونەری ڕەشید ئاغا کە تا ئیستاش دادگایی نەکراوە و کەس نازانیت قۆناغی لێکولینەوەی بەکوێ گەیشتووە، بۆ هیچ ناڵێن؟ خۆ هەموو ئەوانە لەپێش ڕووداوەکانی سلێمانی ڕوویانداوە!

 

ئێمە نامانەوێ ئەو لاپەڕانە هەموو هەڵدەینەوە کە هەموویمان وەک بەڵگە لایە و قسەی لەسەر نەکراوە لە پێشێلکاری زەق بەرانبەر مافی مرۆڤ لە سنووری هەولێر و دهۆک.

 

باش دەزانین ئامانجی ئەو لایەنە سیاسییە چییە لە گەورەکردن و بڵاوکردنەوەی پەیامەکان لەسەر سنووری سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکان لە ڕێگەی دەستەکەمانەوە، جگە لەهەوڵدان بۆ ناشرینکردنی دەزگا فەرمییەکانی ئەو سنوورە هیچ مانایەکی تری نییە و ئامانجەکەش دەستێکی ئاشکرای لایەنێکی سیاسییە کە دەیانەوێت ئەجێندای خۆیان فەرز بکەن و ئێمەش وەک بەشێک لە ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە ڕەت دەکەینەوە و بەهیچ شێوەیەکیش گوزارشت لەڕای گشتی دەستە ناکات. ئەگەرنا هەموو لایەک لە دەستە باش دەزانن ئێمە ئەو بەشەین لە دەستەی مافی مرۆڤ زۆر پیشەیی و بەرپرسیارانە بەرانبەر بە مافەکانی مرۆڤ و بێگوێدانە لایەنی سیاسی کارمان کردووە لە هەموو ڕووداوەکان.

 

بەردەوامی ئەو جۆرە هەڵوێستانە بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی دەکەوێتە سەر ئەستۆی بەڕێز سەرۆکی دەستەکە و بەپێی یاسای دەستە بەرپرسە لە پاراستنی سیاسەتی دەستە وەک دەزگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن و ئاکامەکانیش هەرچی بێ لە زەرەری ناوبانگی دەستە دەبێت.

 

بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

٦/٩/٢٠٢٥

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button