بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دەستپێکی وەرزی بارانبارین لە ساڵی ڕابردوو، لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ بوو کە بارانبارین بەڕێژەی جیاجیا لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی تۆمار کرا، بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت یەکەم دەستپێکی وەرزی بارانبارین لە درەنگانی شەوی دووشەم ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ دەست پێبکات و تاوەکوو ڕۆژی چوارشەم بەردەوام بێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە ڕۆژانی سێشەم و چوارشەم ئاسمان بەردەوام نیمچەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما بە نزیکەی ٣-٤ پلەی سیلیزی دادەبەزن.
لەو ماوەیەدا، پێشبینی دەکرێت سەرەتا باران لە سنووری ئیدارەی زاخۆ ببارێت، پاشان شەپۆلەکە ڕوو لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و پاشان ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای هەولێر و بەشێک لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی پارێزگای هەولێر و هەندێک ناوچەی شاخاوی ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە.

