لێژنەی ئەمنی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر، کۆمپانیا و خاوەنکاران ئاگادار دەکاتەوە، کە لەماوەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەبێت دوو کاتژمێر مۆڵەت بە سەرجەم کارمەند و کرێکاران بدرێت بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان.
ڕاگەیەندراوەکە، بەناوی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لێژنەی ئەمنی هەڵبژاردنی پارێزگاکە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، “سەرجەم خاوەن کار و کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، کە سبەى 2025.11.11، لە ماوەى دیاریکراوى بەڕێوەچوونى پرۆسەى دەنگدانى گشتیى، کە مافى هەموو هاووڵاتییەکە لەو ڕۆژەدا بە ئازادانە بڕواتە سەر سندووقى دەنگدان و دەنگبدات، بڕیارماندا گشت کۆمپانیا و خاوەنکارانى کەرتى تایبەت ماوەى ( 2 کاتژمێر ) مۆڵەت بدەن بە کارمەند و کرێکارانیان بۆ ئەوەی لەو مافەى خۆیان بێبەشن نەبن و بەشداری بكەن لەو پڕۆسە دیموکراتییە و دەنگی خۆیان بدەن”.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە کارمەندان و کرێکارانی کۆمپانیاکان کراوە، کە هەر خاوەنکار و کۆمپانیاییەکی كەرتی تایبەت ڕێگری كرد یان ڕێگەی پێنەدان بچن بۆ دەنگدان، پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفۆنەوە بکەن ( 07504469129 ).

