کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەم ١٤ی نیسانی ٢٠٢٦، ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ هێرشی درۆنی بۆ سەر یەکێک لە ئۆردوگاکانی کۆمەڵە بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێرشەکە لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێران و بە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە ئەنجامی ئەم هێرشە، بەداخەوە سێ پێشمەرگە بریندار بوون، کە باری تەندروستی یەکێک لەوان ناجێگیرە”.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێ: “ئەم جۆرە هێرش و پەلامارانە، چ ئێستا و چ پێشووتر، نیشانەی ترس و وەحشەتی کۆماری ئیسلامییە بەرانبەر بە ئیرادەی بەهێز و ویستی نەگۆڕی خەڵکی کوردستان”.
زیاتر دەڵێ: “کۆمەڵە پێ لەسەر ئەوە دائەگرێت کە ئەم جۆرە کردارە هەرگیز ناتوانێت لە عەزمی تێکۆشان و داخوازە ڕەواکانی خەڵکی کورد کەم بکاتەوە، بەڵکو زیاتر هۆکاری بەهێزبوون، یەکگرتوویی و بەردەوامی لە تێکۆشان دەبێت.”

