بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان و کوژرانی پێشمەرگە و هاووڵاتییەک، خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکیی برای دەستگیر کران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەم ٥ی تەممووزی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند: “خورشید لەتیف و حەیدەر لەتیف کە لە ماوەی ڕابردوودا بوونە هۆی ئاژاوەنانەوە و کێشە، دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی، شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک، سووتاندنی کەلوپەلی سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە، هاندانی خەڵک لە دژی یاسا و سەقامگیری گشتی، ڕێگریکردن لە پڕۆژەکانی حکومی، هەڕەشەکردن بە تێکدانی ژێرخانی ئابووری لە شوێنی جیاجیای قەزای خەبات و هەبوونی سکاڵا لەلایەن هاووڵاتییانەوە، لەسەر فەرمانی دادگا دەستگیرکران”.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێ: “لە ماوەی داهاتوو لەسەر تاوانەکانیان دادگایی دەکرێن”.
دووپاتیشی کردووەتەوە: “هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە سەر و ماڵیان پارێزاوە و یاسا سەروەرە و ڕێگا بە هیچ تاوانبارێک نادرێ ئاسایش و ئارامی وڵات تێکبدات و ئاژاوەگێڕی بکات”.
ساڵی ڕابردوو، خورشید هەرکی و چەکدارەکانی، لە ناوچەی نیشتەجێبوونی خۆی لە سنووری قەزای خەبات، ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە و شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست بوو، بەهۆیەوە پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک کوژران و چەند کەسێکیش بریندار بوون. دوای گفتوگۆ و ناوبژیوانی، شەڕەکە هێور کرایەوە و لەلایەن خورشید هەرکییەوە ئەوە ڕاگەیەنرا کە کێشەکە بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر کراوە.

