زێدپرێس
ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەناوی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە هەرێمی کوردستان، داوا دەکەن مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە بە ڕاستەوخۆ پێبدرێت، لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەی پاشەکەوت و دەستکردنەوە بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
ئەمڕۆ یەکشەم ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، چەند داخوازییەکیان ئاڕاستەی حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، کە تیایدا داوا دەکەن، مووچەکانیان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دابەش بکرێت، بەبێ تێپەڕبوون بە فلتەری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم.
ئەوان، کە بەناوی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێمی کوردستانەوە، داواکارییەکانیان پێشکەش کرد، پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، چەندین ساڵە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە ستەمیان لێ دەکرێت و بەشێوەیەکی نایاسایی لە چەندین ماف بێبەشکراون، لەناویاندا درەنگخستنی دابەشکردنی مووچە، پاشەکەوتی مووچە و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
داواکارییەکانی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی:
- چارەسەرکردنی کێشەی درێژخایەنی دواکەوتنی مووچە، لەڕێگەی ڕاستەوخۆ دابەشکردنی مووچەوە.
- نامانەوێت بە هیچ شێوەیەک مووچەکانمان بخرێتە بەردەست نووسینگەی حەواڵە و دلیڤەری هەرێم بەناوی وەزارەتی داراییەوە.
- چارەسەرکردنی کێشەی پلەبەرزکردنەوە کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە نایاسایی ڕاگیراوە.
- دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ پاشەکەوتی مووچە و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەنەکانی.
- لێپرسینەوە و دادگاییکردنی سەرجەم ئەو بەرپرسانەی هەرێم، کە دەستیان هەبووە لە برسیکردن و تێکدانی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان.
- ناچارکردنی حکوومەتی هەرێم بە کارکردن بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و قەرەبووکردنەوەی سەرجەم ئەو زیانە مادییانەی لە ئەنجامی کارنەکردن بەو یاسایە، هاتووەتەئاراوە.