هه‌واڵ

شەش داواکاری لە دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە

زێدپرێس

ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەناوی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە هەرێمی کوردستان، داوا دەکەن مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە بە ڕاستەوخۆ پێبدرێت، لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەی پاشەکەوت و دەستکردنەوە بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.

ئەمڕۆ یەکشەم ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، چەند داخوازییەکیان ئاڕاستەی حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، کە تیایدا داوا دەکەن، مووچەکانیان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دابەش بکرێت، بەبێ تێپەڕبوون بە فلتەری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم.

ئەوان، کە بەناوی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێمی کوردستانەوە، داواکارییەکانیان پێشکەش کرد، پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، چەندین ساڵە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە ستەمیان لێ دەکرێت و بەشێوەیەکی نایاسایی لە چەندین ماف بێبەشکراون، لەناویاندا درەنگخستنی دابەشکردنی مووچە، پاشەکەوتی مووچە و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.

 

داواکارییەکانی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی:

  • چارەسەرکردنی کێشەی درێژخایەنی دواکەوتنی مووچە، لەڕێگەی ڕاستەوخۆ دابەشکردنی مووچەوە.
  • نامانەوێت بە هیچ شێوەیەک مووچەکانمان بخرێتە بەردەست نووسینگەی حەواڵە و دلیڤەری هەرێم بەناوی وەزارەتی داراییەوە.
  • چارەسەرکردنی کێشەی پلەبەرزکردنەوە کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە نایاسایی ڕاگیراوە.
  • دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ پاشەکەوتی مووچە و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەنەکانی.
  • لێپرسینەوە و دادگاییکردنی سەرجەم ئەو بەرپرسانەی هەرێم، کە دەستیان هەبووە لە برسیکردن و تێکدانی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان.
  • ناچارکردنی حکوومەتی هەرێم بە کارکردن بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و قەرەبووکردنەوەی سەرجەم ئەو زیانە مادییانەی لە ئەنجامی کارنەکردن بەو یاسایە، هاتووەتەئاراوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...