Site icon Zed Press

لە هەولێر پێنج بازرگانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کران

Zed Press news زیدپرێس هه‌واڵ لە هەولێر پێنج بازرگانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کران بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا، پێنج بازرگان و گەورە بازرگانی مادە هۆشبەرەکانیان دەستگیر کرد.

زێدپرێس

 

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان سەر بە ئاسایشی گشتی هەولێر، ئاشکرای کرد، لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا، پێنج بازرگان و گەورە بازرگانی مادە هۆشبەرەکانیان دەستگیر کردووە.

 

ئەمڕۆ یەکشەم ٣٠ی تەمووزەی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی دەستگیرکردن ژمارەیەک بازرگانی مادە هۆشبەرەکان و دەسگرتن بەسەر چەند بڕی جیاوازی مادەی هۆشبەر، بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەکان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە سێ چالاکیدا، سەرکەوتوو بوون لە دەستبەسەرداگرتنی بڕی (٢٥) کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و حەبی کەپتاگۆن، لەگەڵ دەستگیرکردنی پێنج بازرگانی مادەی هۆشبەر بەم شێوەیەی خوارەوە:

لە چالاکی یەکەمدا دوای هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەکانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، توانرا بڕی (١٠) کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ و یەک کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن لەگەڵ دوو گەورە بازرگان دەستگیر بکرێن.

لە چالاکی دووەمدا و دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، توانرا دەست بەسەر بڕی حەوت کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ بگیرێت و هاوکات دوو بازرگانی مادە هۆشبەرەکانیش دەستگیرکران.

لە چالاکی سێیەمدا، توانرا حەوت کیلۆگرام تۆوچای تێکەڵ بە ماددەی هۆشبەری مەریجوانا و حەشیش لەگەڵ بازرگانێک دەستگیر بکەن.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تەواوی تۆمەتباران کراوەتەوە و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، هیچ زانیارییەکی دیکەی لەمەڕ ناو و تەمەن و ڕەگەزی دەستگیرکراوەکان ئاشکرا نەکردووە، یان ئەوەی کە خەڵکی کوێن.

Exit mobile version