لە هەولێر پێنج بازرگانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کران
![Zed Press news زیدپرێس ههواڵ لە هەولێر پێنج بازرگانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کران بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا، پێنج بازرگان و گەورە بازرگانی مادە هۆشبەرەکانیان دەستگیر کرد.](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2023/07/Zed-Press-news-82-copy-780x470.jpg)
زێدپرێس
ئەمڕۆ یەکشەم ٣٠ی تەمووزەی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی دەستگیرکردن ژمارەیەک بازرگانی مادە هۆشبەرەکان و دەسگرتن بەسەر چەند بڕی جیاوازی مادەی هۆشبەر، بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەکان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە سێ چالاکیدا، سەرکەوتوو بوون لە دەستبەسەرداگرتنی بڕی (٢٥) کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و حەبی کەپتاگۆن، لەگەڵ دەستگیرکردنی پێنج بازرگانی مادەی هۆشبەر بەم شێوەیەی خوارەوە:
لە چالاکی یەکەمدا دوای هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەکانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، توانرا بڕی (١٠) کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ و یەک کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن لەگەڵ دوو گەورە بازرگان دەستگیر بکرێن.
لە چالاکی دووەمدا و دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، توانرا دەست بەسەر بڕی حەوت کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ بگیرێت و هاوکات دوو بازرگانی مادە هۆشبەرەکانیش دەستگیرکران.
لە چالاکی سێیەمدا، توانرا حەوت کیلۆگرام تۆوچای تێکەڵ بە ماددەی هۆشبەری مەریجوانا و حەشیش لەگەڵ بازرگانێک دەستگیر بکەن.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تەواوی تۆمەتباران کراوەتەوە و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، هیچ زانیارییەکی دیکەی لەمەڕ ناو و تەمەن و ڕەگەزی دەستگیرکراوەکان ئاشکرا نەکردووە، یان ئەوەی کە خەڵکی کوێن.