Site icon Zed Press

لە هەولێر پێدانی بەنزین کەم کرایەوە

Zed Press news زێدپرێس هه‌واڵ لە هەولێر پێدانی بەنزین کەم کرایەوە هەر ئۆتۆمبێلێک تەنیا دەتوانێت ٤٠ لیتر بەنزین بکڕێت و بەنزینخانەکانیش ئاگەدار دەکاتەوە، لە هەر سەرپێچییەک سزا دەدرێن.

زێدپرێس

بەبڕیاری سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون و دابەشکردنی بەنزین لە هەولێر، هەر ئۆتۆمبێلێک تەنیا دەتوانێت ٤٠ لیتر بەنزین بکڕێت و بەنزینخانەکانیش ئاگەدار دەکاتەوە، لە هەر سەرپێچییەک سزا دەدرێن.

ئەمڕۆ سێشەم ١ی ئابی ٢٠٢٣، سالار محەمەد ڕەمەزان سەرۆکی لێژنەی بەدواداچوون و دابەشکردنی بەنزین لە هەولێر، ئاگادارییەکی ئاڕاستەی سەرجەم بەنزینخانەکانی شارەکە کردووە، کە لە ئەمڕۆ سێشەمەوە، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بەبڕی تەنیا ٣٠ هەزار دینار بەنزین دابین بکرێت، کە دەکاتە ٤٠ لیتر بەنزین.

لە هەمان ئاگەدارکردنەوەدا، سەرۆکی لێژنەی بەدواداچوون و دابەشکردنی بەنزین، هۆشداری بە وێستگەکانی دابەشکردنی بەنزین دەدات، کە هەر وێستگەیەک سەرپێچی بکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت و بەنزینی پێ نادرێت.

ماوەیەکە بەنزین لە شاری هەولێر، بە تەواوەتی نرخەکەی بەرزبووەتەوە و قەرەباڵغی زۆریش لەبەردەم بەنزینخانەکاندا دروستبووە، بەتایبەت بۆ ئەو شوفێرانەی هەوڵدەدەن بەنزینی نۆڕماڵ یان ئەو بەنزینەی لە ژێر چاودێری وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا دابەش دەکرێت، بکڕن، بەو هۆیەوە کە نرخەکەی ٧٥٠ دینارە بۆ هەر لیترێک.

هەفتەی ڕابردوو، وەزیری سامانە سروشتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەیرانی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، ڕێگەپێدانی بۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەنزین دەرکرد، کە دەتوانن بەنزین بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوردە بکەن و هاوکات بردنە دەرەوەی بەنزینی لە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە قەدەغە کرد.

تا ئێستا ڕێکارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەیانتوانیوە ڕێگری لە دروستبوونی قەیرانی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخ بگرن.

Exit mobile version