هه‌واڵ

لە هەولێر پێدانی بەنزین کەم کرایەوە

زێدپرێس

بەبڕیاری سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون و دابەشکردنی بەنزین لە هەولێر، هەر ئۆتۆمبێلێک تەنیا دەتوانێت ٤٠ لیتر بەنزین بکڕێت و بەنزینخانەکانیش ئاگەدار دەکاتەوە، لە هەر سەرپێچییەک سزا دەدرێن.

ئەمڕۆ سێشەم ١ی ئابی ٢٠٢٣، سالار محەمەد ڕەمەزان سەرۆکی لێژنەی بەدواداچوون و دابەشکردنی بەنزین لە هەولێر، ئاگادارییەکی ئاڕاستەی سەرجەم بەنزینخانەکانی شارەکە کردووە، کە لە ئەمڕۆ سێشەمەوە، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بەبڕی تەنیا ٣٠ هەزار دینار بەنزین دابین بکرێت، کە دەکاتە ٤٠ لیتر بەنزین.

لە هەمان ئاگەدارکردنەوەدا، سەرۆکی لێژنەی بەدواداچوون و دابەشکردنی بەنزین، هۆشداری بە وێستگەکانی دابەشکردنی بەنزین دەدات، کە هەر وێستگەیەک سەرپێچی بکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت و بەنزینی پێ نادرێت.

ماوەیەکە بەنزین لە شاری هەولێر، بە تەواوەتی نرخەکەی بەرزبووەتەوە و قەرەباڵغی زۆریش لەبەردەم بەنزینخانەکاندا دروستبووە، بەتایبەت بۆ ئەو شوفێرانەی هەوڵدەدەن بەنزینی نۆڕماڵ یان ئەو بەنزینەی لە ژێر چاودێری وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا دابەش دەکرێت، بکڕن، بەو هۆیەوە کە نرخەکەی ٧٥٠ دینارە بۆ هەر لیترێک.

هەفتەی ڕابردوو، وەزیری سامانە سروشتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەیرانی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، ڕێگەپێدانی بۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەنزین دەرکرد، کە دەتوانن بەنزین بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوردە بکەن و هاوکات بردنە دەرەوەی بەنزینی لە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە قەدەغە کرد.

تا ئێستا ڕێکارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەیانتوانیوە ڕێگری لە دروستبوونی قەیرانی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخ بگرن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...