زێدپرێس
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، دوای نۆ ساڵ هێشتا بارودۆخی شەنگال ئاسایی نەبووتەوە و ئێزدییەکان نەیانتوانیوە بۆ ناوچەکەیان بگەڕێنەوە، ئەوەش بۆ “خۆسەپێنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان” دەگێڕێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم ٣ی ئابی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بەبۆنەی تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییان و کۆمەڵکوژی شنگال ڕاگەیاند.
دەقی پەیامەکە:
نۆ ساڵ لەمەوبەر، تیرۆریستانی داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری و بەوهۆیەوە، هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە کران.
لەم یادە خەمگینەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە، هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی خۆڕاگری و قارەمانیەتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە ، کە ئەفسانەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان ڕزگار کرد و داستانێکی مێژووییان تۆمار کرد.
دەستخۆشی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردی ئێزیدی بە فەرمی بە جێنۆساید ناساندووە . هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان .
بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و ناوچەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە.
لەم یادەدا، پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە و پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت. هەروەها جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی ئەو هێزە نایاساییانەی لە ناوچەکەدا هەن دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەڤەرەکە ئاوەدان بکرێتەوە و دەسەڵاتی ناوچەکەش بگەڕێتەوە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کۆمەڵکوژی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣ی ئابی ٢٠٢٣