Site icon Zed Press

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی داراییەوە

Ministry of Finance and Economy وەزارەتی دارایی و ئابوریی هه‌رێمی كوردستان زێدپرێس

زێدپرێس

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی، هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە، کە گوایە ژمارەی ناڕاستیان لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێم بە بەغدا دابێت.

 

دەقی ڕوونکردنەوەی وەزارەتی دارایی بۆ ڕای گشتی:

 

لەوەڵامی لێدوانی چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق و چەند میدیایەک کە ئاماژەیان بەوە کردووە وەفدی هەرێم ژمارەی ناڕاستیان لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێم داوە بە بەغداد.

بۆ ڕای گشتی و هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە سەرلەبەری  ئەو تۆمەت و لێدوانانە ناڕاست و چەواشەکارین، نزیکەی دوو ساڵە پەیوەندیەکی تەندروست و بەردەوام لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم هەیە و ساڵی ٢٠٢٢ سەرجەم ڕاپۆرتەکانی هەرێم دەربارەی خەرجی و داهاتی نەوت و ناوخۆ دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و هەرێم پەسەند کراون.

ڕۆژی ٢٠٢٣/٧/١٦ تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقیان کرد بۆ ئەوەی لە سەر شێوازی ئامادەکردن و پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی مانگانەی تەرازووی پێداچوونەوە گفتوگۆ بکەن بەو شێوازەی کە عێراق داوای دەکات، ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی پێنج مانگی سەرەتای ٢٠٢٣یان بۆ بەغداد ناردووە، لە ٢٠٢٣/٧/٣٠ ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانیان پێشکەش کردووە.

بۆ زانیاری هەموو لایەک دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بەهاوبەشی بەرپرسیارن بۆ وردبینی و پەسەندکردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە نەک وەزارەتی دارایی، لەڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو ٢٠٢٣/٨/٣ەوە وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی لە وەزارەتی دارایی هەرێمن بەمەبەستی وردبینی تەرازووی پێداچونەوەی شەش مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستان.

بۆیە بۆ ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە باشترە پێش ئەوەی قسە لەسەر بابەتێک بکەن پەیوەندی بەلایەنی فەرمیەوە بکەن و زانیاری دروست لەبارەیەوە بەدەست بێنن.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری.

٢٠٢٣/٨/٦

Exit mobile version