زێدپرێس
ئەمڕۆ چوارشەم ٩ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان، سەر بە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕای گەیاند، لە درێژەی کار و چالاکییەکانی تیمی چاودێری بازاڕی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و بە ھاوکاری لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی ھەولێر ژمارەیەک کۆمپانیای ھاوردەکردنی دەرمان و چەند دەرمانخانەیەک بەسەرکرانەوە، بە مەبەستی پشکنین و چاودێریکردنیان بۆ جێبەجێکردنی مەرج و ڕێنماییەکان.
لە ئەنجامی پشکنینەکەدا، چوار کۆمپانیای هاوردەکردنی دەرمان بە هۆکاری سەرپێچیکردن لە ڕێنماییەکان داخران و دەرمانخانەیەکیش بەهۆی مامەڵەکردن بە دەرمانی قاچاخ و بێسەرچاوە داخرا.
بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ھۆشداری دەدات بە سەرجەم ئەو شوێنانەی کە مامەڵە بە بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکییەوە دەکەن، پابەندی گشت ڕێنماییەکان بن و بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی توندیان دەکاتەوە.