زێدپرێس
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
بەداخەوە جارێکی تر کەرکووک بەهۆی سیاسەتی جیاکارییەوە ئەبێتە گۆڕەپانی ململانێیەکی ناهاوسەنگ و ئاسایش و ئارامی شارەکە ئەشێوێنرێت، ئەم سیاسەتی هەژموونگەراییەی چەند لایەن و هێزێک بەناوی پێکهاتەی عەرەبییەوە بە بیانووی جیاواز دژی کەرکووکییەکان پەیڕەوی ئەکەن، دۆخی شارەکە زیاتر ئەشێوێنێ و ئەو متمانە و برایەتییە کەمەی کە هەشە، لێکیهەڵئەوەشێنێت. گرژییەکانی ئێوارەی ئەمڕۆش جارێکی تر دەرئەنجامی بەکەم بینینی کورد و هەوڵی فەرزکردنی هەژموون و ئیرادەی لایەنەکە بەسەر لایەنێکی رەسەنی پێکهاتەی شارەکە.
بەداخەوە سیاسەتی داگیرکردنی جادە و شەقامە گشتییەکان لە ناو جەرگەی گەڕەکە کوردییەکاندا درێژکردنەوەی هەمان سیاسەتی هەژموونگەراییە و هەر جارەی بەبیانوویەک ئەنجامی ئەدەن.
ئێمە پێمان وایە هەموو هێزێکی نیشتیمانی بەپێ دەستور مافی بارەگا و هەڵسوڕانی سیاسی هەیە، ڕێگری لە کردنەوەی بارەگاکانیش دژی دەستورە. داوا ئەکەین هەرچی زووە پەلە بکرێت لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و ئەو لایەنانەی دۆخی شارەکەیان چەندین ڕۆژە شێواندووە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حکوومەتی عێراق هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی ئەو شارەدا ڕەچاو بکات و هیچ پێکهاتەیەک فەرامۆش نەکرێت.
لە کۆتاییدا پێویستە دەسەڵاتی لۆکاڵی کەرکووک بە زووترین کات لیژنەیەک لە سەر بەناهەق شەهیدکردنی کاکە هاوکار دروستبکات و ئەنجامدەرانی ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە.
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣