زێدپرێس
ئەمڕۆ دووشەم ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، د. نەرمین مەعرووف ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەردەوامی بەدواداچوونەکانی بۆ جێبەجێکردنی تەرخانکراوی بودجەی وەبەرهێنان لە بودجەی گشتی میوانداری وەزیری پلاندانانی حکوومەتی فیدڕاڵی کردووە.
ئاماژەی دا، لە وەڵامی پرسیارێکیان سەبارەت بە شایستەی هەرێم و پارێزگاکان لە دوو تریلیۆن دینار تەرخانکراوی پترۆدۆلار، وەزیری پلاندانان ئاشکرایکردووە، کە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی میکانزمێکی نوێ بۆ هەژمارکردنی پشکی پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوت و گاز، پەیڕەو دەکەن.
بەگوتەی ئەندامەکەی لێژنەی دارایی، میکانیزمەکە جیاواز دەبێت لە میکانزمی پێشوو، کە پشکی پارێزگاکان لە پارەی پترۆدۆلار لەسەر بنەمای تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان هەژمار دەکرا.