زێدپرێس
ئەمڕۆ سێشەم، ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، فەرماندەیی سنوری عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەدواداچوونی بەردەوام بۆ قاچاغچیانی دراو، و دوای چڕکردنەوەی چاودێری، مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گومرگی سەر بە فەرماندەیی هێزە سنوورییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا توانیان دەست بەسەر ٤٠٠ هەزار دۆلاردا بگرن، کە مەبەست لێی بە قاچاغبردن بووە.
فەرماندەیی سنوری عێراق، دەڵێ، هێزە ئەمنییەکان شەووڕۆژ لە کارەکانیان بەردەوامن بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی هەموو ئەوانەی بە لەڕێگەی بەقاچاغبردنی دراو بۆ دەرەوەی وڵات، “زیان بە ئابووری نیشتمانی دەگەیەنن”.
فەرماندەیی سنور، هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، داوای لە هاووڵاتییان کردووە، هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن بە پێدانی زانیاری لەبارەی بەقاچاغبردنی دراو، لەپێناو سەقامگیری بەهای دراو و ڕێگری لە شێواندنی ئابووری وڵاتەکە.
بەهۆی بەقاچاغبردنە دەرەوەی دۆلارەوە و بەتایبەتیش گەیشتنی دۆلار لە عێراقەوە بە ئێران، تا دێت سزا و گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر عێراق زیاتر دەبن و بەهای دۆلاریش لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە دیناری عێراقی، زیاتر بەرز دەبێتەوە.