زێدپرێس
کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ یەکشەم ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەڕێوەچوو و هەریەک لە جەلال شێخ ناجی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری و هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاساییشی هەرێم ئامادەی بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە تەوەرێکدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کراوە و جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند؛ “لەگەڵ ئەوەی کە پەیوەندییەکی باش هەیە لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا، بەڵام بەداخەوە چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەردوولا و بە تایبەتیش کێشەی بودجە زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت”.
زیاتر گوتی، “بەهۆی بێ بودجەیی و دابەشنەکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە و پێویستە لە بەغدا تێگەیشتنێکی دروست بۆ دۆخی مووچەخۆرانی هەرێم هەبێت و مووچەی فەرمانبەران جیا بکرێتەوە لە ناکۆکییە سیاسییەکان”.
ڕاگەیەندراوەکە، ئاماژەی کردووە، کە لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە “چۆنییەتی بەهێزترکردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێم و بەغدا کرا، بە تایبەتیش لەو ناوچانەی کە هێڵی تەماسن لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکانی دیکە”.
قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە کە “نەک تەنیا پێویستە هەماهەنگی تەواو لەنێوان هێزە ئەمنییەکاندا هەبێت، بەڵکو دەبێت حکوومەتی فیدڕاڵ بە یەک چاو سەیری هەموو هێزە عێراقییەکان بکات و لەناویشیاندا هێزەکانی پێشمەرگە تا هیچ درز و کەلێنێک نەمێنێتەوە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ تێکدانی سەقامگیری، چونکە سەقامگیری هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق پێکەوە گرێدراون”.
ئەوەش هاتووە، کە هەر لەم چوارچێوەیەدا باس لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سەرەوەری خاکی عێراق و هەرێم لەلایەن وڵاتانی دیکەوە کرا، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد “حکوومەتی فیدڕاڵ ئەم بابەتە بە گرنگ وەربگرێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا کاری جدی بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامیی ئەو پێشێلکارییانە کە ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو هاووڵاتی هەرێم دەبنە قوربانی”.