هه‌واڵ

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی و قاسم ئەعرەجی

زێدپرێس

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، لە سلێمانی پێشوازیکرد لە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چۆنییەتی بەهێزترکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێم و بەغدا تاوتوێکران.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ یەکشەم ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەڕێوەچوو و هەریەک لە جەلال شێخ ناجی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری و هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاساییشی هەرێم ئامادەی بوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە تەوەرێکدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کراوە و جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند؛ “لەگەڵ ئەوەی کە پەیوەندییەکی باش هەیە لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم  و بەغدا، بەڵام بەداخەوە چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەردوولا و بە تایبەتیش کێشەی بودجە زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت”.

زیاتر گوتی، “بەهۆی بێ بودجەیی و دابەشنەکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە و پێویستە لە بەغدا تێگەیشتنێکی دروست بۆ دۆخی مووچەخۆرانی هەرێم هەبێت و مووچەی فەرمانبەران جیا بکرێتەوە لە ناکۆکییە سیاسییەکان”.

ڕاگەیەندراوەکە، ئاماژەی کردووە، کە لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە “چۆنییەتی بەهێزترکردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێم و بەغدا کرا، بە تایبەتیش لەو ناوچانەی کە هێڵی تەماسن لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکانی دیکە”.

قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە کە “نەک تەنیا پێویستە هەماهەنگی تەواو لەنێوان هێزە ئەمنییەکاندا هەبێت، بەڵکو دەبێت حکوومەتی فیدڕاڵ بە یەک چاو سەیری هەموو هێزە عێراقییەکان بکات و لەناویشیاندا هێزەکانی پێشمەرگە تا هیچ درز و کەلێنێک نەمێنێتەوە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ تێکدانی سەقامگیری، چونکە سەقامگیری هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق پێکەوە گرێدراون”.

ئەوەش هاتووە، کە هەر لەم چوارچێوەیەدا باس لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سەرەوەری خاکی عێراق و هەرێم لەلایەن وڵاتانی دیکەوە کرا، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد “حکوومەتی فیدڕاڵ ئەم بابەتە بە گرنگ وەربگرێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا کاری جدی بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامیی ئەو پێشێلکارییانە کە ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو هاووڵاتی هەرێم دەبنە قوربانی”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...