زێدپرێس
ئەمڕۆ یەکشەم، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، لەسەر سکاڵای زیاد جەبار محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی لە خولی پێشووی پەرلەمان و ئامانج نەجیب شەمعون سەرۆکی فراکسیۆنی ڕافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، کۆدەبێتەوە.
سکاڵاکاران تانەیان لە سەر ماددەکانی (١، ٩، ١٥، ٢٢ و ٣٦) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ داوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەموارکردنەوەکە نادەستوورییە.
ناوەڕۆکی سکاڵاکە پێوەستە بە کورسی کۆتاکان لە هەرێمی کوردستان، کە بەپێی دوا هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ١١ کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان، مەسیحی و ئەرمەن دەستنیشانکراوە.
ئەگەر دادگای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر نادەستوریبوونی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات، ٥ کورسی کۆتای تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان هەڵدەگیرێت.
بەشێکی دیکەی سکاڵاکە، پێوەستە بە سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە و لە ئەگەری سەرگرتنی سکاڵاکە، سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ فرەبازنەیی دەگۆڕێت.