زێدپرێس
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستایان و وانەبێژان و دەرچووانی دانەمەزراوە ئاگادار دەکاتەوە، بەمەبەستی دانان و دامەزراندنیان لە پەیمانگەی پیشەیی حکومی هەولێر، سیڤییەکانیان پێشکەش بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەم، ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئاگادارییەکدا، داوای پێشکەشکردنی سیڤی لە مامۆستایان، وانەبێژان و دەرچووانی دانەمەزراو کرد، بەمەبەستی دانان و دامەزراندنیان وەک مامۆستای پیشەیی لە پەیمانگەی پیشەیی حکومی هەولێر/خوێندنی ئینگلیزی.
وەزارەتەکە، داوا لە مامۆستایانی پیشەیی، وانەبێژانی پیشەیی و دەرچووانی بەشە پیشەییەکانی کۆمپیوتەر، گەشتوگوزار و بازرگانی دەکات، سیڤییەکانیان پێشکەش بکەن، بەمەبەستی وانەگوتنەوە لەو پەیمانگایەدا.
بەپێی ئاگادارکردنەوەکە، پێویستە سیڤییەکان لەڕێی سیستەمی ئەلیکترۆنی وەزارەتەکەوە و بەشێوەی پی دی ئێف بنێردرێن، بۆ چەند ژمارەیەک کە لە نووسراوە هاوپێچکراوەکاندا هاتوون.
بۆ مامۆستایانی دانەمەزراوە، وەزارەتەکە چەند مەرجێکی دیاریکردووە، لەناویاندا:
- دەرچووی کۆلێژ بێت بەپێی پسپۆڕییە دەستنیشانکراوەکان (کۆمپیوتەر، گەشتوگوزار و بازرگانی).
- زمانی ئینگلیزی زۆرباش بزانێت.
- ئامادەیی هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی زمانی ئینگلیزی.
- بەڵێن بدات بەلایەنی کەم تا ماوەی ٥ ساڵ بەردەوام دەبێت لە کارەکەی.