زێدپرێس
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە ڕاگەیەندراوەکەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە دەکات، کە “لەکۆبوونەوەکاندا جەخت لە یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد و پاراستنی یەکڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە تاوەکو کورد بە گوتارێکی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات و کار بۆ بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەکان بکات، بۆ ئەمەش کاری پێکەوەیی و هەماهەنگیی نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکان بە گرنگ وەسفکرا.”
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی لەسەر مووچەخۆران و مامۆستایان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکان بوو، لایەنەکان هاوڕابوون حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى ناوەند بگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی پشکی هەرێم و دابینکردنی مووچە لە وادەی خۆیدا، ئەمەش لەپێناو دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى خوێندن لە سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و کۆتاییهێنان بەو کێشانەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، “بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا پرسێکی تری نێو کۆبوونەوەکان بوو و داواکرا، ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن لاببردرێت و هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی دیارکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت، کە ببێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەکە و وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو لایەک بێت”.
هەروەها “هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنردراوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و جەخت لە هاندانی هاووڵاتییانی کورد کرایەوە بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەهێزترکردنی دەنگی کورد لەو ناوچانە”، ڕاگەیەندراوەکە وا دەڵێ.
زیاتر هاتووە، “لە بەرانبەر پشێوی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەش، داواکرا کورد نەچێتە سەنگەری نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئارامیی هەرێمى کوردستان لە هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بپارێزرێت”.