هه‌واڵ

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ

زێدپرێس

 

شاندێکی باڵاى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتى بافڵ جەلال تاڵەبانى، لە شاری سلێمانی لە چەند دیدارێکی جیاوازدا سەردانى هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کرد و بەپێی ڕاگەیەندراوی حزبەکە “لە کۆبوونەوەکاندا چەندین تەوەری گرنگ و پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتییان، پڕۆسەی سیاسی، حوكمڕانی و ئاسایشی هەرێم، عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.”
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە ڕاگەیەندراوەکەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە دەکات، کە “‏‎لەکۆبوونەوەکاندا جەخت لە یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد و پاراستنی یەکڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە تاوەکو کورد بە گوتارێکی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات و کار بۆ بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەکان بکات، بۆ ئەمەش کاری پێکەوەیی و هەماهەنگیی نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکان بە گرنگ وەسفکرا.”

‏‎لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی لەسەر مووچەخۆران و مامۆستایان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکان بوو، لایەنەکان هاوڕابوون حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى ناوەند بگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی پشکی هەرێم و دابینکردنی مووچە لە وادەی خۆیدا، ئەمەش لەپێناو دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى خوێندن لە سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و کۆتاییهێنان بەو کێشانەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە”.

‏بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، “بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا پرسێکی تری نێو کۆبوونەوەکان بوو و داواکرا، ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن لاببردرێت و هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی دیارکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت، کە ببێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەکە و وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو لایەک بێت”.

هەروەها “هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنردراوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و جەخت لە هاندانی هاووڵاتییانی کورد کرایەوە بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەهێزترکردنی دەنگی کورد لەو ناوچانە”، ڕاگەیەندراوەکە وا دەڵێ.

‏‎زیاتر هاتووە، “لە بەرانبەر پشێوی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەش، داواکرا کورد نەچێتە سەنگەری نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئارامیی هەرێمى کوردستان لە هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بپارێزرێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...