زێدپرێس
ئەمڕۆ چوارشەم، ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تیایدا چەند بابەتێک تاوتوێ دەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆ کردن لە بارەی دوا پێشهاتی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، لە میانەی دوا سەردانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا.
حکوومەتی هەرێم باسی لەوە کردووە، کە لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتی جێگری سەرۆکوەزیران پشتبەست بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە ڕاسپاردنی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خستەڕووی ڕاسپاردە و چارەسەرەکان.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.