زێدپرێس
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بە واژۆی نورەددین عوسمان بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین کراوە، بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم دراوە.
نووسراوەکە، داوا دەکات کە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاکان ئاگادار بکەنەوە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم کە بەم شێوەیە بەڕێوەدەچێت:
- ئەو قوتابییانەی نمرەی هەڵسەنگاندن و نیوەی وەرز (١٠-٢٠-١-)یان هەیە، پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لەسەر ٦٠ نمرە ئەنجام بدەن.
- ئەو قوتابخانە و خوێندنگایانەی نمرەی تاقیکردنەوەی نووسینەکی (٢٠) نمرەیان ئەنجام نەداوە و نمرەی هەڵسەنگاندنیان هەیە، پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لەسەر ٨٠ نمرە ئەنجام بدەن و ئەویش بەم شێوەیە لە سیستەم تۆمار دەکرێت:
ئەلف: نمرەی بەدەستهاتوو لە ٨٠ نمرە، دابەشی (٤) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ٢٠ نمرەی تاقیکردنەوەی نووسینەکی.
با: نمرەی بەدەستهاتوو لە ٨٠ نمرە، لێکدانی (٠.٧٥) بکرێت بۆ دەرهێنانی ٦٠ نمرەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز.
تا: نمرەی کۆتایی لە هەردوو خاڵی (ئەلف و با) نزیک بکرێتەوە بۆ نمەوی تەواو ئەگەر نمرەکە بە کەرت دەرچوو.
- ئەو قوتابخانە و خوێندگایانەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم ئەنجام دەدەن بۆ وەرزی دووەم لەسەر هەمان ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبن.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، هەر ئەمڕۆ پێنجەم، بە نووسراوی ژمارە ٣٠٧٨٨ و بە واژۆی ماریا بەهمەن بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەکنیکی و ئەزموونەکان، گشتاندنەکەی وەزارەتی پەروەردەی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، شارباژێر، شارەزوور، قەرەداغ، سەیدسادق، دوکان، چەمچەماڵ، دەربەندیخان و پێنجوێن ناردووە و داوای جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی کردووە.