هه‌واڵ

وەزارەتی پەروەردە بڕیاری لەسەر تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم دا

زێدپرێس

 

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا، خوێندکارانی ئەو قوتابخانانەی بەهۆی بایکۆتەوە تاقیکردنەوەی نیوەی وەرزیان نەکردووە، تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر ٨٠ نمرە بکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بە واژۆی نورەددین عوسمان بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین کراوە، بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم دراوە.

نووسراوەکە، داوا دەکات کە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاکان ئاگادار بکەنەوە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم کە بەم شێوەیە بەڕێوەدەچێت:

  • ئەو قوتابییانەی نمرەی هەڵسەنگاندن و نیوەی وەرز (١٠-٢٠-١-)یان هەیە، پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لەسەر ٦٠ نمرە ئەنجام بدەن.
  • ئەو قوتابخانە و خوێندنگایانەی نمرەی تاقیکردنەوەی نووسینەکی (٢٠) نمرەیان ئەنجام نەداوە و نمرەی هەڵسەنگاندنیان هەیە، پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لەسەر ٨٠ نمرە ئەنجام بدەن و ئەویش بەم شێوەیە لە سیستەم تۆمار دەکرێت:

ئەلف: نمرەی بەدەستهاتوو لە ٨٠ نمرە، دابەشی (٤) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ٢٠ نمرەی تاقیکردنەوەی نووسینەکی.

با: نمرەی بەدەستهاتوو لە ٨٠ نمرە، لێکدانی (٠.٧٥) بکرێت بۆ دەرهێنانی ٦٠ نمرەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز.

تا: نمرەی کۆتایی لە هەردوو خاڵی (ئەلف و با) نزیک بکرێتەوە بۆ نمەوی تەواو ئەگەر نمرەکە بە کەرت دەرچوو.

 

  • ئەو قوتابخانە و خوێندگایانەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم ئەنجام دەدەن بۆ وەرزی دووەم لەسەر هەمان ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبن.

 

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، هەر ئەمڕۆ پێنجەم، بە نووسراوی ژمارە ٣٠٧٨٨ و بە واژۆی ماریا بەهمەن بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەکنیکی و ئەزموونەکان، گشتاندنەکەی وەزارەتی پەروەردەی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، شارباژێر، شارەزوور، قەرەداغ، سەیدسادق، دوکان، چەمچەماڵ، دەربەندیخان و پێنجوێن ناردووە و داوای جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی کردووە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...